تەندروستی جیهانی باس لە قۆناغێکی مەترسیداری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات

  2021-07-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تیدۆرس ئادهنوم گیبریسۆن، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدا لەوەی دوای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری (دەلتا)، جیهان بە قۆناغێکی زۆر مەترسیداری گەشەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تیپەڕ دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی جیهانی وتی "تا ئێستا ئەم جۆرە نوێییەی ڤایرۆسەکە لە ٩٨ ناوچەی جیهان دەرکەوتووە، ئەم جۆرە لە پەتاکە زۆر مەترسیدارە و زوو زووش گۆڕانکاری بەرسەر خۆیدا دەهێنێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری دەلتا لە بەشێکی زۆری وڵاتان باڵا دەستە و جیهان لە قۆناغێکی مەترسیداری ڤایرۆسەکەدایە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختیکردەوە، پێویستە وڵاتان چاودیری بازدان و گۆڕانکارییە نوێیەکانی ڤایرۆسەکە بکەن و بەردەوام خۆیانی لەگەڵدا ڕابهێنن، بەڵام لە هەمووی گرنگترە پشکنینی پێشوەختە و جیاکردنەوەی تووشبووەکان و چارەسەرکردنیانە.

لە رووەوە جەختیکردەوە، دەبێت هەموو ڕێگەیەکی خۆپارێزگای پەیرەو بکرێت، بە تایبەت پۆشینی دەمامک و پارێزگاریکردن لە دووری نێوان کەسەکان و هەواگۆڕکێ لە شوێنی کۆبوونەوەکان.

داواشی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد، کار بکەن لەسەر دابەشکردنی ڤاکسین و دەزگای هەناسەدان و دەرمان و پەلەکردن لە وەرگرتنی ڤاکسنی دژی کۆرۆنا، چونکە ئەو ڕێوشوێنانە باشترین ڕێگەن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک و بوژاندنەویە ئابوری جیهان و ڕێگریکردن لە دەرکەوتنی جۆری گۆڕاوی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری دەلتا، بۆیەکەمجار لە وڵاتی هیندستان سەریهەڵدا و پاشان لە بەریتانیا، لە ئێستاشدا لە بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی جیهان بڵاوبووەتەوە.



ڕیکلام