ئێران: دەستمان لە هیچ هێرشێک دژی ئەمریکا لە عێراقدا نەبووە

  2021-07-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، ئێران لە هیچ هێرشێکی چەکداری لەلایەن هیچ بنکە یان کەسێکەوە دژی فەرمانبەران یان دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی نەبووە .

ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی بڵاویکردەوە، مەجید تەخت ڕەوانچی باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە وەڵام بە نامەی ئەم دواییەی نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا، تۆمەتەکان لەسەر ئێرانی ڕەت کردەوە و هێرشی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر سنووری عێراق و سووریای، ئیدانە کرد .

ئەو باڵیۆزە دەشڵێت "ڕاشکاوانە وتوومە کە کۆماری ئیسلای ئێران لە هیچ هێرشێکی چەکداری لەلایەن هیچ بنکە یان کەسێنەوە بۆ سەر فەرمانبەران یان دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی نەبووە" .

تەخت ڕەوانچی  وتووشیەتی ، "کەواتە، هەر جۆرە هەوڵێک بۆ دانە پاڵی ئاوەها تۆمەتێک بە ئێران، ناڕاست و بێ بنەمایە و هەر بۆیە بە توندی ئەو پاگەندەگەلە ڕەت دەکەینەوە و لە باری مافییەوە پووچ و بێ کاریگەرە" .

ناوبراو  دەشڵێت " هەوڵی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ تاوانبار کردنی کەسانی دیکە لە ناوچەکە بۆ شاردنەوەی چالاکییە نابەرپرسیارانە و ناسەقامگیرکەرەکان یان بەلاڕێ بردنی ڕای گشتی لە هەوڵە سەربازییە نایاسایی و سەربزێوانەکانی لە ناوچەکە، شکست دەهێنێت".  



ڕیکلام