ئیدارەی خۆسەر 20 منداڵی خێزانە داعشەکانی رادەستی روسیا کردەوە

  2021-07-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان 20 منداڵی خێزانە داعشەکانی رادەستی وەفدێکی دیپلۆماسی روسیا کردەوە کە خانەوادەکانیان پەیوەندییان بە گرووپی چەکداری داعشەوە هەبووە.

لەوکاتەی کە ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان کۆتایی یەکجارەکی گروپی چەکداری داعشی راگەیاند، ئیدارەکە داوای لەو وڵاتانە کردووە کە کەسانی سەر بەو نەتەوانە ئەندامن لە گروپی چەکداری داعش و لەناو کەمپەکاندان، یان ئەو کەسانەیان کە لە بەندیخانە و کۆمەڵگەکانی پەنابەراندان، بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

لەوبارەیەشەوە بەڕێوبەرایەتی ئیدارەی خۆسەر بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، 20منداڵی رووسییان رادەستی وەفدی روسی کردووەتەوە کە کەمپی رۆژ ژیاون، تەمەنیان لە نێوان سێ تا 16 ساڵاندایە.

لەمانگی نیسانی ئەمساڵیشدا، حکومەتی مۆسکۆ ئاشکرایکرد کە 34 منداڵیی روسیی بێ باوکی سەر بە خێزانە داعشەکان لە سوریا، لە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان وەرگرتووەتەوە.

روسیا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییەکانی چوونە نێو گرووپی چەکداری داعش لە عێراق و سوریا و تائێستاش، زیاتر لە ٢٠٠ کەس لەلایەن سوریاوە رادەستی حکومەتی مۆسکۆ کراونەتەوە کە سەر بە گرووپی چەکداری داعش بوون.

گرووپی داعش چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، لەساڵی ٢٠١٣دا سەریهەڵدا و  لەحوزەیرانی ٢٠١٤دا پارێزگای موسڵ و بەشێکی زۆر لە ناوچە سوننەنشینییەکانی عێراق و بەشێکی زۆری خاکی سوریاشی کۆنتڕۆڵکرد، دواتر و لەساڵی ٢٠١٧دا لەلایەن هێزە سەربازییەکانی عێراق و پێشمەرگەوە بەهاوکاری هێزی هاوپەیمانان سەرکەوتنی یەکجارییان بەسەر ئەو گروپە چەکدارییەدا راگەیاند.



ڕیکلام