ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان تێڕوانینی خۆی بۆ داهاتووی دۆخی سوریا دەخاتەڕوو

  2021-07-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لەچوارچێوەی پرۆژەی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەددا پرۆژەیەکی ئەرێنیمان پێیە و هیوادارین روسیا رۆڵێکی ئەرێنی لەم گفتوگۆیەدا ببینێت.

لەراگەیەندراوێکدا ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لە وەڵامی قسەکانی سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی روسیادا باسی لەوەکرد، یەکێک لە کێشە بنەڕەتی و رەگداکوتاوەکەی سوریا لە یەکێک لەلایەنەکانییەوە بریتییە لە خودی رژێمی سوریا، کە واقعی گۆڕانکاری لە سوریا قبوڵ ناکات و پابەندی هەمان ئەو عەقڵییەتەیە کە رۆژگاری سوریای بەم رۆژە گەیاندووە، بەوهۆیەشەوە رژێمی سوریا بەهیچ دایەلۆگێکی جددی نەگەشتووە لەگەڵ هیچ لایەنێکی نێو گۆرەپانی سوریا نەک بە تەنها ئیدارەی خۆسەر.

ئیدارەی خۆسەر هۆکاری شکستهێنانی گفتوگۆکانی رابردوو لەگەڵ حکومەتی سوریا، لە راگەیەندراوەکەدا بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، "هۆکاری سەرەکی شکستەکان خودی رژێمی سوریا بووە، کە بە جەختکردنەوەی لە گەڕانەوەی بارودۆخەکە بۆ سەردەمی پێش سەرهەڵدانی قەیران و ئاڵۆزییەکان لە سوریا".

لەراگەیەندراوەکەشدا، ئیدارەی خۆسەر جەختی لەوەکردووەتەوە، "هەموو ئەو رەفتارانەی کە رژێمی سوریا ئەنجامی دەدات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ گفتوگۆ و بەدیاریکراویش ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و کردەکانی وەڕسکردن لە حەلەب و رێکارە ئەمنییەکان لە ناوچەکان یەکناگرێتەوە".  

ئەم راگەیەندراوەی ئیدارەی خۆسەری دییموکرات دوای ئەوە دەێت، دوێنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا داوای لە کوردی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، بایەخ بدەن بە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و مل نەدەن و نەچنە ژێر کاریگەریی ئەو هەوڵانەی کە دەدرێت بۆ جیابوونەوەیان .

وەزیری درەوەی ڕوسیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووییەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکی و ململانێکانی ناوخۆیی سوریاوە، پشتیوانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان کورد و حکومەتی دیمەشقی کردووە، ئەویش بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ چۆنێتی پێگەوەژیان لە یەک دەوڵەتدا .

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئاشکرایکرد، لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە کوردییەکاندا بۆ ئەوەی ئاگاداری هەڵوێستەکانیان بن، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و بایەخ بدەن بە چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندییدا .

لە دوای ڕزگارکردنی زۆربەی ناوچەکانی باکوری سوریا لە دەستی داعش، لە ئێستادا پارێزگاکانی حەسەکە و دیرەزور و ڕەقە و زۆربەی ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە دەوڵەمەندن بە نەوت، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیدایە، کە لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکرێت.

لە ساڵی ٢٠١١ەوە و پاش سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا، زیاتر لە ٧ ملیۆن کەس لەناوخۆی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون و نزیکەی ٥ ملیۆنی دیکەش پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا بردووە، ئەوە جگە لەوەی کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان کوژراون و بە سەدان هەزار کەسیش برینداربوون.

'بەشار حافز ئەسەد' کوڕی حافز ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریایە و لە١١ ی ئەیلولی ١٩٦٥ لە دیمەشق لەدایکبووە، لە ١٧ی تەمموزی ٢٠٠٠شەوە وەک ١٩یەمین سەرۆکی سوریا دەستبەکاربوو، لەبەهاری ساڵی ٢٠١١شەوە، دژی مانەوەی لەکورسی دەسەڵات، هاوڵاتیانی سوریا خۆپیشاندانیان بەرپاکرد.


ڕیکلام