باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی هیچ پلانێکی نییە بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە ئەفغانستان.
دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تویتەر نوسیویەتی " باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کابوڵ کراوەیە و بەکراوەیش دەمێنێتەوە، هەروەکو چۆن بایدن فەرمانی کردووە. ئێمە بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی بوونی دیبلۆماتیمان لە کابوڵ، ئەوەش بەمەبەستی جێبەجێکردنی کۆمەڵێک کار لەگەڵ حکومەت و خەڵکی ئەفغانستاندا. هیچ پلانێکمان نییە بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکە ."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە باڵیۆزخانەکە ئاگاداری ئەو كێشە ئەمنیانەیە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەماوەی کارکردنیان لە وڵاتەکەدا و ئاماژە بەوە دەدات " هەمیشە پلانی بەپەلە دادەنێین و کاردەکەین لەسەر چۆنێتی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر خەڵک و پڕۆگرامەکەمان ."
هەروەها دەڵێت " باڵیۆزخانەکە بەپێی پێویست بوونمان لە وڵاتەکەدا دەگونجێنێت " تاوەکو ڕووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە، هەروەها متمانەی بەوە هەیە دەتوانێت " بەشێوەیەکی پارێزراو کار بکات لە سوودی ئەفغانستان و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکاندا بێت ."
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتریش بایدن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتیان، لەکاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا ئەفغانستان جێدەهێڵن، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ئەرکە دیبلۆماتی و مرۆییەکانمان و هەروەها بەردەوام دەبێت لە پڕۆگرامەکانی یارمەتیدانی ئەفغانستان لەڕووی ئاسایشەوە.