وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، چالاکیەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم پێدەچێت ببێتە هۆی پەکخستنی دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ڤییەنا.
دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە ، نێد پڕایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، " بەردەوام دەبین لە هاندانی ئێران سەرکێشیە گەورەکانی ڕابگرێت و بە ئامادەباشیەوە بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی ڤییەنا. هەروەها لە حاڵەتێکیشدا بن ئامادە بن بۆ کۆتایی هێنان بە کارەکان ."
پڕایس دەشڵێت " شتێکی نیگەرانکەرە ئێران دەیەوێت بەردەوام بێت لە پابەندنەبوونی بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا ." وتیشی " ئەمە بەداخەوە هەنگاوێکی دیکەی ئێرانە بۆ دواوە ."
هاوکات وڵاتانی ئەوروپاش بە هەمان شێوە هاتنە سەر خەت، هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا نیگەرانی خۆیان دەربڕی و هۆشیارییاندایە ئێران لەسەر ئەوەی ئەم هەنگاوە گفتوگۆکان دەخاتە مەترسییەوە .
سێ وەزیرەکە لە بەیاننامەیەکدا وتیان " بەم هەنگاوانەی ئەمدواییەی، ئێران هەڕەشە لەو ئەنجامە سەرکەوتووەی دانوستانەکانی ڤییەنا دەکات کە لە ماوەی تەنها شەش خولی دانوستانەکاندا دەستەبەرکراوە ."
وتیشیان " دەبێت ئێران بەبێ دواکەوتن بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ئێمە چەند جارێک جەختمان لەوە کردۆتەوە کات لەبەرژەوەندی هیچ لایەکدا نیە ."
ئەم هۆشیاریدانەی ئەمەریکا و ئەوروپا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند ئێران بەنیازە یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 20 بپیتێنێت .