ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی : مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروستبووە

  2021-07-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا دروست بووە، بەشێوەیەک ڕێژەکەی گەیشتووەتە لە ٧٤%.

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ ژمارەیەکی پێوانەیەیی کە گەیشتووەتە ٢٧٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا، گیرۆدەی نەبوونی ئاسایشی خۆراک یان کەمبوونەوەی خۆراک و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووە.

لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەدا عارف حسین، گەورە ڕاوێژکاری ئابوری لە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لەو بارەیەوە دەڵێت "بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بووەتە هاوڕێی بە وەفا ی برسێتی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو دۆخە بریتین لە ململانێکان و کێشەکانی کەشوهەوا و پەتای کۆرۆنا، لە ئێستاشدا بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک مەترسیەکی قورستر کردووە لەسەر ژیانی مرۆڤەکان.

ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی ڕوونیکردووەتەوە، ڕێژەی نرخی ئارد لە وڵاتێکی وەک لوبنان بەڕێژەی ٢١٩ % ئەمساڵ زیادیکردووە، هەروەها لە سوریا نرخی ڕۆن زەیتی چێشتلێنان بەڕێژەی ٤٤٠ % زیادیکردووە، کە ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ نالەباری دۆخی ئابوری هەردوو وڵاتەکە.

هەفتەی ڕابردوو ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی ناسراو بە (فاو) ڕایگەیاند، بۆ ماوەی ١٠ مانگە لەسەر یەک نرخی خۆراک لە جیهاندا بەرەو بەرزبوونەوەی بەرچاو ڕۆیشتووە، بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠١٤وە نرخی خۆراک بەوشێوەیە بەرزنەبووەتەوە.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرایکردووە، بەرهەمەکانی وەک ڕۆنی زەتی رووەکی و گۆشت و بەرهەمی شیرەمەنییەکان و شەکر، بەشێوەیەکی بەرچاو نرخیان بەرزبووەتەوە.



ڕیکلام