کەرکوک.. 420 یەکەی نێشتەجێبوون بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکان دابەش کرا

  2021-07-10  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
بەسەر پەرشتی وەزارەتی پلاندانانی عێڕاق، ئەمڕۆ ٤٢٠ یەکەی نیشتەجێبوون کە لەشوقەو خانوو پێکهاتوون بەسەر خانەوادە هەژارو کەمدەرامەتەکان لەکەرکوک دابەشکران.

مەروان عانی لێپرسراوی ڕاگەیاندن و پەیوەندی حکومی لە دیوانی پارێزگای کەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەئامادبوونی بریکاری وەزیری پلاندانانی عێڕاقی لەکەرکوک لەهەردوو ناوچەی شۆراو و دۆمیز کە دەکەونە باکورو باشوری شارەکە، ٤٢٠ یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر هاوڵاتیان دابەشکرا کە لەساڵی ٢٠١٨ وە مامەڵەیان لە پارێزگا بۆ سودمەندبوون لەو یەکانە پێشکەش کردبوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە کۆی پێنج هەزار مامەڵە کە پێشکەش کرابوون، ٤٢٠ خانەوادە سودمەندبوون وئەمڕۆ کلیلەکانیان ڕادەست دەکرێت.

عانی وتیشی شێوازی دابەشکردنی ئەو یەکانە داپەروەرانە بووە، بەجۆرێک هەر نەتەوەیەک سەدا ٣٢ی بەرکەوتووە.

جەختی لەوەشکردەوە بەهۆی شەڕی وێرانکاری داعش لەڕابردوو زیان بەخانەوادەیەکی زۆر گەیشتووە، ئەمەش هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانیەی سەرشانیان .



ڕیکلام