پارتی بۆ مسۆگەرکردنی پۆستی سەرکۆمار رێگای تاران و بەغدای گرتووەتەبەر

  2021-07-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەوڵەکانی بۆ مسۆگەرکردنی پۆستی سەرکۆماری عێراق بەردەوامە، لە دوایین ھەوڵیشیدا دەیەوێت لە رێگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەو پۆستە مسۆگەر بکات، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بۆ چارەسەری ئەو پرسە و کێشەکانی نێوانیان، چەندین جار داوای کۆبوونەوە لە پارتی کردووە، بەڵام پارتی بێ وەڵام بووە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەوڵەکانی بۆ مسۆگەرکردنی پۆستی سەرکۆماری عێراق بەردەوامە، لە دوایین ھەوڵیشیدا دەیەوێت لە رێگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەو پۆستە مسۆگەر بکات، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بۆ چارەسەری ئەو پرسە و کێشەکانی نێوانیان، چەندین جار داوای کۆبوونەوە لە پارتی کردووە، بەڵام پارتی بێ وەڵام بووە.


بەپێی زانیارییەکانی ژیان، وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ھەفتەی رابردوو سەردانی تارانی کردبوو، ئامانجی سەرەکی سەردانی وەفدەکەی پارتی گفتوگۆکردن بووە لەسەر پرسی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و دروستکردنی ھاوپەیمانێتی و مسۆگەرکردنی کورسی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بووە، بەڵام بێ وەرگرتنی ھیچ بەڵێنێک گەڕانەوە بۆ ھەولێر.

بەپێی رێککەوتنامەی ستراتیژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێنەوە، کورسی سەرۆکایەتی کۆمار لای یەکێتی بووە، بەڵام لە خولی رابردوەوە، پارتی ئەو پۆستە بە حەقی خۆی دەزانێت.

یەکێتی چەندین جار بۆ گفتوگۆکردن و گەیشتنە رێککەوتن لەسەر پرسی کورسی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، داوای کۆبوونەوەی لە پارتی کردووە. بەڵام پارتی ئامادەی کۆبوونەوە نییە، جگە لەوەش پارتی چەندین جاریش ئەوەی بە بەرپرسانی یەکێتی وتووە، پۆستی سەرۆکۆمار ئیستیحقاقی ھەڵبژاردنەوە و لەو روەشەوە بە مافی خۆی دەزانێت وەک براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان ئەو پۆستە بۆ ئەو بێت. ھەرچی یەکێتی نیشتیمانیشە ئەو پۆستە بە حەقی خۆی دەزانێت و پێی وایە وەک درێژکراوە رێککەوتنامەی ستراتیژی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆکی ھەرێمدا، پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار دەبێت بۆ یەکێتی بێت.

پارتی بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانی، چەندینجار سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ لایەنە شیعەکان کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، دیارترینیان کۆبوونەوە بووە لەگەڵ رەوتی سەدر. ئامانجی پارتیش لەو سەردانانە مسۆگەرکردنی کورسی سەرۆکایەتی کۆمارە. ئەوەش لە کاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە ئامادەی دانیشتن نەبووە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

ھەرچەندە بەرپرسانی پارتی دەڵین سەردانەکەی تارانیان سەرکەوتوو بووە، بەڵام زانیارییەکانی بەردەست ژیان ئاماژە بەوە دەدەن، بەرپرسانی ئێران ھیچ بەڵێنێکیان لەسەر پرسی ھاوپەیمانی و دابەشکردنی پۆستەکان لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق کە لە تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت، بە وەفدەکەی پارتی نەداوە.

لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری عێراق لەلایەن جەلال تاڵەبانی لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، چوار خولە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی لە لایە، دواین جار کە پۆستەکە لەلایەن بەرھەم ساڵحەوە وەرگیرا، کێشەی خستە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ ماوەیەکی درێژ کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبەی بەجێھێشت.

ھەر بۆیە ھەوڵەکانی پارتی لە ئێستا ئەوەیە لە دەرەوەی ھەرێم و لە بەغداوە ئەو کورسییە مسۆگەر بکات. یەکێتیش بە پێچەوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەیەوێت ئەو پۆستەی لەلای خۆی بمێنێتەوە، پێی وایە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار پشکی خۆیەتی و ناکرێـت بە ئاسانی رادەستی پارتی بکات.

ھاوپەیمانێتی سەدر و پارتی
رۆژی ١ی حوزەیرانی ئەمساڵ، وەفدێکی رەوتی سەدر  بە سەرۆکایەتی نەسار روبەیعی سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر و بە یاوەری  حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی ئەنحومەنی نوێنەرانی عێراق. سەردانی مەسعود بارزانی و بەرپرسانی دیکەی پارتیان کرد.

رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت لەسەر سەردانە نوسیبووی، دانیشتنەکەی نێوان پارتی  و رەوتی سەدر بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانێتی بووە.

شەرق ئەلئەوسەت باسی لەوەشکردبوو، ئەو دانیشتنە دەرگاکانی بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانی لە نێوان دووحیزبی گەورەی کوردی و شیعەدا کردەوە، ھەر حیزبێکی دیکەش بچێتە پاڵ ئەو ھاوپەیمانێتییە، دەبێـتە براوەی ھەڵبژاردن، چونکە ئەگەر ھاوپەیمانێتییەکە بە فەرمی رابگەیەنرێت، ئەوا گەورەترین کوتلە و براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو دەبن.

یەکێک لە داواکارییەکانی پارتی لەو دانیشتنەدا مسۆگەرکردنی پۆستی سەرکۆمار بوو، بەڵام بەھۆی ئەوەی پارتی نەیویستووە داواکارییەکانی سەدر جێبەجێ بکات، کە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا بوو، ئەو ھاوپەیمانێتییە پێش راگەیاندنی کێشەی بۆ دروستبوو و  کۆتایی ھات.

دوای کۆبوونەوەکەی رەوتی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستانیش، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش چووە بەغدا و مانۆڕێکی دیبلۆماسی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ پرسی ھەڵبژاردن ئەنجامدا.

سەردانەکەی یەکێتی بۆ بەغدا کە لەلایەن بافلڕ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی و وەفدێکی باڵای ئەو حیزبە ئەنجامدرا، بۆ گفتوگۆ بوو لەگەڵ لایەنە شیعەکان و پرسی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو و ئەگەری دروستکردنی ھاوپەیمانێتی بوو. 

کورسی سەرۆکایەتی کۆمار و نێو ماڵی کوردی
چەندین جار یەکیًَتی بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان داوای کۆبوونەوەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، بەڵام پارتی بە بیانووی جیا جیا کۆبوونەوەکانی پەکخستووە,

 یەکێتی دەیەوێت بۆ گرنگترین پرسەکان، یەکگرتنەوەی پێشمەرگە و گەڕانەوەی کورد بۆ ناوچە دابڕاوەکان و پرسی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق لە ناویدا پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ پارتیدا گفتوگۆ بکات، بەڵام پارتی بەجێی کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی و رێککەوتن لەگەڵی، ھاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە شیعەکانی ھەڵبژاردووە و ناوماڵی کوردی پشتگوێ خستووە.

بەپێی زانیارییەکانی ژیان، دوایین ھەوڵی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ھەوڵێکی بەرھەم ساڵحە بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی.

زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بەرھەم ساڵح لە رێگەی ئەیاد عەلاوی سەرۆکی ھاوپەیمانی نیشتیمانی پەیامێکی ئاڕاستەی پارتی کردووە، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ھەردوولا و پرسی چارەسەرکردنی کێشەکان. بەڵام تا ئێستا وەڵامی پارتی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە نەبووە.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی لە دوو خولی ھەڵبژاردندا (٢٠٠٥ – ٢٠١٠) بە یەک لیست بەشداری ھەڵبژاردنەکانی عێراقیان کرد، بەڵام ئەمجارەیان بۆ بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنەکانی مانگی ١٠ی داھاتوو، ئەو دوو حیزبە بە لیستی جیا بەشدارییان کردووە، کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بە لیستێک و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداری ھەڵبژاردنەکان دەکات.

ئەوەی تا ئێستا دیارە پارتی دیموکرات بە ھیچ شێوەیەک ئامادەی کۆبوونەوە نییە لەگەڵ یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و رێککەوتنێکی کوردیانە، جگە لەوەش ئەو حیزبە دەیەوێت لەرێگەی لایەنە شیعەکانەوە پۆستی سەرۆکۆمار و پۆستەکانی دیکەی بەغدا مسۆگەر بکات، نەک رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بۆ ئەو پرسانە بکات.


ڕیکلام