ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە سەروی 40 ملیۆن کەس

  2021-07-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی لەدایکبوان ملیۆنێک و ٢٥٨ هەزار کەسی زیندوو دەبێت، بەوەش ژمارەی دانیشتوان دەگاتە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەس.

عەبدولزەهەرە هەنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی دانیشتوانەوە بڵاویکردەوە، دەزگای ناوەندی بۆ سەرژمێری لە ساڵی ڕابردوودا ٢٢٤ هەزار و ٢٧٩ گیان لەدەستدانی تۆمار کردووە.

لە ئێستاشدا کۆی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە ٤٠ ملیۆن و ١٥٠ هەزار و ٢٠٠ کەس، لەو ژمارەیەش ٢٠ ملیۆن و ٣٣٦ هەزار و١٨٠ کەسی لە ڕەگەزی نێرن، ١٩ ملیۆن و ٧٨٤ هەزاریش لە ڕەگەزی مێن.

بە گوێرەی بەیاننامەکەی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، ژمارەی گەنج کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٤ ساڵیدایە، ژمارەیان ٨ ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەس بووە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، کە لە ٢٠%ی کۆی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن.

ئەوانەش کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ١٩ ساڵیدایە، ڕێژەی لە ١١%ی کۆی دانیشتوان پێکدەهێنن، لە کاتێکدا ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٤ ساڵیدایە، ڕێژەی لە ٩%ی کۆی دانیشتوان پێکدەهێنن.

هەنداوی ئاماژەی بەوەشکردووە، پەتای کۆرۆنا بووەتە هۆی دروستکردنی قەیرانێکی ئابوری قورس، بو هۆیەشەوە وەزارەتی پلاندانان نەیتوانییوە سەرژمێری گشتی ئەنجام بدات.



ڕیکلام