کازمی: لە هەفتەیەکدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە کارەساتەکەی ناسریە ئاشکرا دەکەین

  2021-07-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە ئاگرکەوتنەوەکەی کارەساتی نەخۆشخانەکەی ناسریە لە ماوەی یەک هەفتەدا ڕادەگەیەندرێت.

کازمی لە میانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕایگەیاند، ئەوەی دوێنێ لە شاری ناسریە ڕوویدا برینێکی قوڵی لە هەست و ویژیدانی هەموو عێراقییەکاندا دروستکردووە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەرپرسیارێتی لە چەند مانگی داهاتوودا، چەند هێندە دەبێتەوە لەم جۆرە کارەساتانەدا، کە هاوکاتە لەگەل چەندین قەیرانی گەورە، کە هەندێکیان سروشتین وەک قەیرانی ئابوری و هەندێکیشی بە دەستی ئەنقەستە، وەک تەقاندنەوەی بورجەکانی وزەی کارەبا و هەوڵی هەندێک بۆ لەقکردنی ئاسایشی ناوخۆ و بڵاوکردنەوەی گومان و بێسەروبەری و ڕێگریکردن لە بڕیاری نیشتیمانی عێراقی.

دەربارەی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی حوسەینی تایبەت بە توشبوانی کۆرۆنا لە شاری ناسریە، کازمی وتی "ڕوداوەکەی دوێنێ ئاماژەیە بۆ شکستێکی بناغەیەکی لە پەیکەریی ئیداری دەوڵەتی عێراقیدا، بەشێوەیەک دەستنیشانکردنی هەڵەکان چاودێری ناکرێت و سودی لێوەرناگیرێت، لە کۆتایشدا هاوڵاتی دەبێتە قوربانی، بۆیە پێویستە پرۆسەیەکی چاکسازی ئیداری گشتگیر دەستپێبکرێت، گرنگترین هەنگاویش لەو بوارەدا جیاکردنەوەی ماری ئیدارییەلە هەژموونی سیاسی".

ڕوونیکردەوەە، درەنگانی شەوی ڕابردوو لیژنەیەکی باڵایان پێکهیناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کارەساتەکەی نەخۆشخانەی ئیمام حسین، لە ماوەی هەفتەیەکیشدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەکەن، لێپرسینەوەش لە هەموو ئەو کەسانە دەکەن، کە کەمتەرخەم بوون و یارییان کردووە بە گیانی عێراقییەکان و ئەوانە خۆیان دەخەنە بەردەم لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی قورسەوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، بە هیچ شێوەیەک لە گەندەڵکاران ئەوانە خۆشنابن کە یاری بە گیانی هاوڵاتیان دەکەن، ئەو کەسانە لە هەر لایەن و پلەو پۆستێکدا بن، کەسێکیان وەک کاندید بەرزکردووەتەوە بۆ پەرلەمان بۆ پۆستی وەزیری تەندروستی بۆ ئەوەی جێگەی وەزیری پێشووی تەندروستی بگرێتەوە، بۆیە لە ئێستادا ئەوان چاوەڕوانی پەرلەمانن بۆ بابەتەکە یەکلایی بکاتەوە، بۆ ئەوەی چیتر وەزارەتی تەندروستی بێ وەزیر نەبێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا کازمی ئاشکرایکرد، دژایەتیکردنی گەندەڵی و هەنگاوەکانی چاکسازیی، کە حکومەت پیادەی کردووە، رووبەڕووی بەربەست و ڕێگری بەرنامە بۆ داڕێژراو و هێرشی میدیایی دەبێتەوە، کە ئامانج لێی لەباربردنی چاکسازی و ناشرینکردنی وێنەی حکومەتە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەوان بەردەوام دەبن لە خزمەتکردن بە گەلی خۆیان.

  



ڕیکلام