قەیس خزعەلی داوای لێپرسینەوە لە کازمی دەکات

  2021-07-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، داوایکرد لێپرسینەوە بکرێت لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە پێنج دۆسیە.

خزعەلی داوایکردووە، لێکۆڵینەوە لە کازمی کابینەی حکومەتەکەی بکرێت لەسەر پێنج دۆسیە، یەکەمیان تەندروستییە، کە بەهۆی کەمتەرخەمی وەزارەتی تەندروستییەوە بە دەیان کەس لە نەخۆشخانەی ئەلحوسەین لە پارێزگای زیقار گیانیان لەدەستداوە و سووتاون.

دۆسیەی دووەمیان، شکست لە ئیدارەی دۆسیەی ئابوری کە بووەتە هۆی کرانی و قورسی ژیانی هاوڵاتیان، بە تایبەت دوای بەرزکردنەوەی مرخی دۆلار و چەندین کێشەی ئابوری دیکە کە بەرۆکی عێراقییەکانی گرتووە.

و دۆسیەی سێهەم، تایبەت بە پێشێلکاری یاسایی لەبەر بەرژەوەندیی کەسی و ڕێککەوتنی سیاسی لە پێناو خۆیدا، بە تایبەت ڕادەستکردنی بڕە پارەی زۆر بە هەرێمی کوردستان، ئەو هەنگاوەش بە وتەی خزعەلی پێچەوانەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١، کە ڕاشکاوانە ئاماژە کراوە بەوەی کاتێک بودجە ڕادەستی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە هەرێمیش داهاتی نەوت و دەروازە سنورییەکان ڕادەستی بەغدا بکات.

دۆسیەی چوارەم، شکستهێنان لە ئیدارەدانی دۆسەی خزمەتگوزاری گشتی، بە تایبەت دۆسیەی کارەبا، هەروەها ملکەچکردن بۆ ئیدارەی ئەمریکا و ڕێکنەکەوتن لەگەڵ کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانی کە بڕیار بوو چەندین پڕۆژەی کارەبا لە عێراقدا جێبەجێ بکات، بە مەبەستی چاککردنی کێشەی کارەبا.

دۆسیەی پێنجەم، پەیوەستە بە پێشێلکاری لە بڕیاری پەرلەمان، کە داوای چوونە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات لە عێراق.



ڕیکلام