سەندیكای رۆژنامەنووسان: تائێستا 85 رۆژنامەنووس تووشی كۆرۆنا بوون

  2020-07-05  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان رایگەیاند تائێستا 85 رۆژنامەنووس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و یەك رۆژنامەنووسیش بە پەتاكە گیانی لەدەستداوە و لە ماوەی شەش مانگی رابردووش 86 حالچەتی پێشێلكاری تۆماركراوە.

لیژنەی داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئامارەكانی پێشێلكردنی مافەكانی رۆژنامەنووسانی لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بڵاوكردەوە و رایگەیاند، هەرچەندە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە كێشەی زۆر بۆ رۆژنامەنووسان دروستبووە، بەڵام توانیومانە بەردەوام چاودێری و داكۆكی بكەین لە مافەكانی رۆژنامەنوسان. 
نەزاكەت حسێن، سەرۆكی لیژنەكە وتیشی: تا ئێٍستا 85 رۆژنامەنووس لە هەرێمی كورسدتان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و یەك رۆژنامەنووسیش گیانی لەدەستداوە، بۆ پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گیانی رۆژنامەنووسان بەردەوام لەسەر خەت بووین. 
سەرۆكی لیژنەكە روونیشیكردەوە لەو ماوەیەدا 86 حاڵەتی پێشێلكاری ئەنجامدراوە كە لە سلێمانی 16 حاڵەت بووە و لە هەولێر 32 حاڵەت و لە دهۆك 11 حاڵەت و لە هەڵەبجە 7 حاڵەت وكەركوك 16 حاڵەت و موسڵ و خانەقین و بەغداد و رۆژئاوای كوردستان هەریەكەیان یەك حاڵەت. 
ئەو وتیشی، بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی هەبووە و بوونی قەدەغەی هاتووچۆ ئامارەكانی پێشێلكاری مافەكانی رۆژنامەنووسان زیادیكردووە، بۆیە بەردەوام نوسراوی فەرمیمان بۆ داواكاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە و داوامانكردووە رۆژنامەنووسنا بپارێزن و مافەكانیان پێشێل نەكرێت. 


ڕیکلام