سۆرانی  |  بادینی  |  English      

دزینی میدیا لە سلێمانی

  2021-07-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

رۆژی ١٤ی ئەم مانگە، سەرجەم پەیجەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان کە لە شەش پەیج پێکهاتبوون، بە هۆکارێکی نادیار داخران.

داخستنی پەیجەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک زانیاری نادروست و چەواشەکارانە لەلایەن میدیای سەر بە بافڵ تاڵەبانی، دواتر دەرکەوت هەر ئەوان دەستیان بەسەر پەیجەکانی ژیاندا گرتووە.

ئەوکات پەیجی "ئێستا" کە سەر بە بافڵ تاڵەبانییە، هەواڵێکی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتییەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، بەهۆی پابەند نەبوون بە بنەماکانی بڵاوکردنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆمپانیای فەیسبووک پەیجەکانی ژیانی داخستووە.

لە هەواڵەکەدا هەروەها هاتبوو کە داخستنی ئەو پەیجانە دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەردەوامبوون لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و پڕ لە بێڕێزی و چەواشەکاری.

هەموو ئەوانی کار لەسەر سۆشیاڵ میدیا دەکەن ئەوە دەزانن کە فەیسبووک لەسەر ئەو شتانەی کە ژیان بڵاوی دەکردەوە لەو کاتەدا هیچ پەیجێک داناخات، ئەو گومانەش راست دەرچوو.

داخستنی پەیجەکانی ژیان، بە بڕیاری بەڕێوەبەرانی پەیجی "ئێستا" بووە،  کارەکەش لە رێگەی کارمەندێکی تۆڕی هەواڵی ژیان ئەنجامدراوە کە ئۆنەری پەیجەکانە بووە، تا ئێستا دیار نیە لە ژێر فشاردا ئەو کارەی کردووە یان بە چ هۆکارێکی دیکە ئەو کارەی ئەنجامداوە.

دوای حەوت رۆژ لە داخستنی پەیجەکانی ژیان، رۆژی 21ی تەمووز بەشێک لە پەیجەکانیان خستەوە کار و راپۆرتی تایبەت بە خۆیانین تێدا بڵاوکردەوە، ئەمە پێی دەگوترێت دزینی میدیا.

لە دوای کردنەوەی پەیجی ژیان لەلایەن بەڕێوەبەرانی پەیجی "ئێستا"وە راپۆرتێک بڵاوبووەوە کە خاڵی بوو لە هەموو بەها و رەگەزێکی هەواڵی، راپۆرتەکە بەڕێوەبەرانی پەیجی "ئێستا" نووسویانە، هەر خۆشیان بە دەنگی کاوان سەلامی خوێندویانەتەوە کە کارمەندی پەیجی "ئێستا" یەو مووچەکەی دوو هەزار دۆلارە، کە بە مێژووی تۆڕی هەواڵی ژیان هیچ بەڕێوەبەرێکیش ئەو بڕە پارەیەی وەرنەگرتووە، مۆنتاژی راپۆرتەکەش هەر لە پەیجی "ئێستا" کراوە و هەر خۆشیان لە پەیجە دزراوەکەی ژیان پۆستیان کردووە، دواتر لە پەیجی "ئێستا" ەیریان کردووەتەوە، وەک بڵێی ئاگایان لە هیچ نەبووە.

تۆڕی هەواڵی ژیان لە رۆژی 1/1/2017وە وەکو میدیاییەکی ئەهلی دەستی بە کارکردووە، مۆڵەتی فەرمی لە سەندیکای رۆژنامەنووسان هەیە، جگە لە پەیجەکانی ژیان و وێبسایتی ژیان، پێشتر رۆژنامەی چاپکراوی هەبووە و 131 ژمارەی لێدەرچووە.

بە گوێرەی بڕگەی پێنجەم لە ماددەی دووی یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان ژمارە 35ی ساڵی 2007، "رۆژنامە قەدەغە ناکرێت و دەستی بەسەردا ناگیرێت".

بەڵام ئەوەی کە بەرامبەر بە تۆڕی هەواڵی ژیان کراوە تەواو پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانە، هیچ پەیوەندی بە کاروباری نێوخۆیی یەکێتییەوە نیە، پێشێلکردنێکی زەقی یاسای رۆژنامەگەرییە کە لە پەرلەمان دەرچووە، پێشێلکارییە بەرامبەر بە سەندیکای رۆژنامەنووسان کە مۆڵەتی بە ژیان داوە.

سەرباری هەموو ئەوانە، دزینی پەیجەکانی ژیان و بەکارهێنانی بۆ چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی بابەتی دوور لە هەموو بنەماکانی رۆژنامەنووسییەکان دەرخەرت ئەو راستییەیە کە ئەوەی کراوە گۆڕانکاری نیە، چاکسازی نییە بەڵکو کودەتایە، و پیلانگێڕییە.

چونکە ئەگەر چاکسازییەک بە دزینی میدیا دەستپێبکات، چارەنووسەکەی دیارە کە یەکێتی و سلێمانی و هەرێمی کوردستان بەرەو نادیار دەبات.

ئەوەی تێبینی دەکرا لە دوای پیلانگێڕییەکەی 8ی تەمووزەوە، هەموو ئەو میدیایانەی کە پاڵپشتی کودەتاکەیان دەکرد، بە یەک ئاڕاستە و بە یەک نەفەس کاریان دەکرد، ئەویش چەواشەکردنی رای گشتی بوو، تەنانەت پەیجەکانی ئێستا و SNN بابەتەکانی یەکتریان کۆپی پەیست دەکرد، ئێستا دوای دزینی پەیجی ژیان بە هەمان کارمەندەکانی خۆیان راپۆرت دەکەن و دەیخوێننەوە و مۆنتاژی دەکەن.

هەموو کەس ئەوە دەزانێت ئەوەی کە کراوە دزییەکی ئاشکرایە لە میدیا کوردیدا.

تۆڕی هەواڵی ژیان هەموو ئەو بەڵگانەی لەبەردەستە کە خاوەندارێتی ژیان دەسەلمێنێت، بۆیە داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری و سەندیکای رۆژنامەنووسان دەکەین لەسەر دزینی تۆڕی هەواڵی ژیان بێنە دەنگ، چونکە ئەمە یەکەم حاڵەتی دزینی میدیایە بە شێوەیەکی ئاشکرا، ئەگەر ئەمە بچێتە سەر پەڵەیەکی رەش دەبێت لە مێژووی رۆژنامەگەریی کوردیدا.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەکانی رابردوودا خۆی وەکو داکۆکیکاری سەرسەختی ئازادی رادەربڕین و کاری میدیایی دەرخستووە، هەر دوو رۆژ دوای راگرتنی کاری کەناڵی ئای پڵەس و داخستنی پەیجەکانی ژیان لەگەڵ نوێنەرایەتیی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و سەنتەری میترۆ و نوێنەری رۆژنامەی هاوڵاتی، کۆبووە و دڵنیایی دا كە بە هیچ شێوەیەك مەترسی لەسەر رەوشی ئازادیی رۆژنامەگەریی لە سلێمانی دروست نابێت وھیچ رۆژنامەنووسێكیش دووچاری لێپرسینەوە نابێت، لەسەر ئەو بنەمایەی كە هەندێك كەناڵ و پەیجی دیاریكراو داخراون، كارمەندەكانیان نە نانبڕاو دەبن و نە دووچاری دەركردن دەبن .

بەڵام دەرکەوت پەیجەکان دانەخراون، بەڵکو ئێستا بۆ مەرامێکی دیکە بەکاردەهێندرێن، کەواتا یان قوباد تاڵەبانی ئاگاداری ئەم کارە نەبووە یاخود ئاگادارە و بۆ پەردەپۆشکردن ئەوەی نە نوێنەری سەندیکا و میترۆ گوتووە.

ئەگەر دزینی تۆڕی هەواڵی ژیان لەکەدارکردنی ئازادی رۆژنامەگەری نییە لە سلێمانی ئەی چیە؟ هەموو ئەوەی سلێمانی لە سەرەتای دروستبوونییەوە شانازی پێوەکردووە ئازادی رادەبڕینە بەڵام بە دزینی پەیجەکانی ژیان ئەو شانازییە نامنێت، کەواتا ئێستا قوباد تاڵەبانی لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەدایە بەرامبەر بە ئازادی رۆژنامەگەریی لە سلێمانی، ئەگەر بەم دزییە ئاشکرایەی پەیجی ئێستا رازییە، کە بەرامبەر بە تۆڕی هەواڵی ژیان ئەنجامی داوە، ئەمە دەبێت بە سەرەتای کۆتایی هاتن بە ئازادی رۆژنامەگەری لە سلێمانیدا.

 تۆڕی هەواڵی ژیان ستاف و کارمەندی تایبەت بەخۆی هەیە، کە زیاتر لە ٥٠ رۆژنامەنووس دەبن، بەڵام هەموو مافێکی مەعنەوییان لێ دزراوە، چاوەڕێن سەندیکا، سەنتەری میترۆ، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکوەزیران، پەرلەمانی کوردستان و رێکخراوەکان بێنە سەر خەت و ئەو مافە بۆ خاوەنە رەسەنەکەی خۆی بگێڕنەوە.

ئێمە لە تۆڕی هەواڵی ژیان، پێچوانەی قسەکانی رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێین، چارەنووسمان نادیار نییە بەڵکو  دزیمان لێکراوە، ئەوەی لێمان دزراوە دیارە چییە و ئەوەشی کە دزیویەتی دیارە کێیە، کەواتا ئەو کار بکەن بۆ گێڕانەوەی مافە دزراوەکانمان، ئێمە خۆمان خەمی چارەنووسی خۆمان دەخۆین.

تۆڕی هەواڵی ژیان لە چوار ساڵ و شەش مانگی رابردوودا پیشەییانە کاری کردووە، بە تایبەت لە یەک ساڵی رابردوودا، ببوو بە دەنگ و رەنگی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی، ژمارەیەک رۆژنامەنووسی بە ئەزموون و پرۆفێشناڵ دوور لە ئینتیمای حیزبی و شەخسی کاریان تێدا کردووە، رۆڵی لە زۆر بابەت و مژاری رۆژدا هەبووە.