هاوپەیمانێتییەکى دیکە لە هەڵبژاردن کشایەوە

  2021-07-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوپەیمانیی منبەری عێراقی بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی کشانەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، کە بڕیارە رۆژی 10ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

بەپێى ڕاگەیەندراوێک کە هاوپەیمانی "منبەری عێراق" بڵاویکردوەتەوە تێیدا هاتووە، دوای "نەمانی هەلی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی خاوێن"، بڕیارمانداوە لە هەڵبژاردن پاشەکشە بکەین.

لە بەشێكی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ژینگەیەکی لەبار بۆ هەڵبژاردن لەسایەی بەربڵاویی چەکی لەدەستدەرچوو لە عێراقدا نییە". داواش لە هەموو لایەنەکان دەکەین بایکۆتکردنی هەڵبژاردن رابگەیێنن .

دەشڵێن: کوشتنی چالاکڤانان و دۆخی دارایی خراپ و بەشداریپێنەکردنی ئاوارەکان لە هەڵبژاردن، هۆکارە بۆ پاشەکشەکردنمان لە هەڵبژاردنەکاندا.

ئەوە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا، حیزبی شیوعیی عێراقی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختی راگەیاند .

پێشتریش چەند حیزب و لایەنی دیکەش کشانەوەیان لە هەڵبژاردن رایگەیاندبوو، کە دیارترینیان رەوتی سەدر بوو بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکاتەوە کە بڕیارە لە 10-10-2021 بەڕێوەبچێت .

ئەوە لە کاتێکدایە، گروپە چەكدارەكانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران پێداگرن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن.

 



ڕیکلام