شەمال عەبدولوەفا: لەم هەفتەیەدا پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە

  2020-07-06  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكرایكرد لەم هەفتەیەدا پارتی ویەكێتی كۆدەبنەوە، دوای ئەوە ئەوان وەك گۆڕان لەبارەی رێكەوتنەكەیان لە حکومەتی هەرێم دێنە دەنگ و هەوڵی جێبەجێ كردنی دەدەن.

شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند "ئێمە كێشەیەكمان هەیە لەكۆبوونەوەكانیشماندا پێمان وتوون، ئێستاش گومرگەكان قاچاغی لێدەكرێت، ڕێڕەوی قاچاغ هەیە كۆمپانیای حیزب هەیە، هەروەها نەوت شەفاف نیە بزانین چۆنە و چۆن نیە، دۆخی گومرگیش پارتی دەڵێت یەكێتی چاكی نەكات ئێمە چاكی ناكەین، یەكێتیش دەڵێت پارتی چاكی نەكات چاكی ناكەین".
ئەو لەبارەی مانەوەی بزوتنەوەكەی لە حكومەتدا روونكردنەوە دەدات و دەڵێت "دووای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر پێكهێنانی حكومەتدا جڤاتی گشتی بڕیار دەدات لەحكومەتدا بمێنێتەوە یا بكشێتەوە. 
عەبدولوەفا ئەوەش ڕادەگەیەنێت" پێش كۆرۆنا داوای ئەوەمان كرد كەسێ قۆڵی كۆ ببینەوە، دیارە یەكێتی و پارتی لەگەڵ یەكتر كۆنابنەوە ئیتر چۆن بتوانن سێ قۆڵی كۆببنەوە."
ئەو لەبارەی پۆستەكانیان لە حكومەتدا دەڵێت "ئێمە تا ئێستا ئەو پۆستانەی وەرمانگرتووە، بریتییە لە پۆستی وەزیرەكان لەگەڵ چوار بریكار، دوێنێ دوو بریكاری دیكەش لە شارەوانی و لە كارەبا دەست بەكار بوون، ئەوانەی كە ماوەتەوە دوو جۆر پۆستە یەكێكیان بەڕێوەبەرە گشتییەكانە و ئەویترییان ڕاوێژكارەكانه، بەشێكی هی حكومەتە و بەشێكیانی سەرۆكایەتی هەرێمە، ماوەتەوە سەر ئەوەی كە لە دەستەكان-دا چیمان بەردەكەوێت هەروەها لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەوانە هەمووی ئێمە بەشمان هەیە". 
ئەو ئاماژە بەوە دەكات بۆ وەرگرتنی هەندێك پۆست پێویست بە ڕێكەوتن دەكات و هەنێكیشیان رێكەوتنی لەسەر كراوە و سەبارەت بەژمارەی ئەو پۆستانەی كە هێشتا ماوە بزوتنەوەكەیان وەریگرێت شەماڵ عەبدولوەفا ئاشكرایدەكات " نزیكەی 30 پۆست دەبن" 
سەبارەت بە ئەنجامی كۆبونەوەكانی هەفتەی ڕابردووی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، شەماڵ عەبدولوەفا وتی" داوای ئەوەمان كرد كە دۆخی هەرێم خراپە، هەرێم موئامەرەی لەسەرە قەوارەكە لە مەترسیدایە، بیر لەوە بكەینەوە كە چۆن قەوارەكە بپارێزین ، دووەم یەكێتی و پارتی نێوانیان دوورە كە ئەوەش خراپە، لەڕاگەیاندن شەڕێكی ڕاگەیاندنیان هەیە و لەیەكەوە دوورن و كۆنابنەوە، ئەنجامی كۆبوونەوەكانی ئێمە لەگەڵ برادەرانی پارتی و یەكێتی بەو پەلە پەلەیە ئەنجامەكانی دەرناكەوێت."
ئەو ئاشكراشیكرد "ئەم هەفتەیە یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە و بزانیین بەرەو كوێ دەڕوات، ئێمە لەسەر هەڵوێست و ڕێكەوتنی خۆمان بێدەنگ نابیین، ئێمە لەسەر هەڵوێستی خۆمان بەرامبەر خیتابی كوردی بۆ ئێران و توركیا و عێراقیش بۆ دەرەوە سورین لەسەر ئەوە ئیتر چەند بەقسەمان دەكەن و بە قسەمان ناكەن ئەمە شتێكە، مەسەلەی حكومەت بەپێی ئەو ڕێكەوتنە ئێمە پێداچوونەوە دەكەین بە هەموو شتێكدا، ئەوەی كە ئێمەش كردوومانە زۆرترین بەرژەوەندی خەڵكی تێدایە، بەرژەوەندی ئێمەی تێدانییە وەكو حیزب".


ڕیکلام