"ساڵی ڕابردوو ھیچ ناوچەیەک لە سنووری ھەولێر نەماوە کە پڕۆژەی لێ جێبەجێ نەکرێت"

  2023-01-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری پارێزگاری ھەولێر دەڵێت، ساڵی ڕابردوو ھیچ ناوچەیەک لە سنووری ھەولێر نەماوە کە پڕۆژەی لێ جێبەجێ نەکرێت و زیاتر لە ٢٠٠ پڕۆژەمان ئەنجام داوە لە ھەموو قەزا و ناحیە و گوندەکانیش.


مەسعود محەمەد، جێگری پارێزگاری ھەولێر،  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، ''لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە ھەموو قەزا و ناحیەکان و گوندەکانیش بودجە تەرخان کراوە و پڕۆژەی لێ ئەنجام دراوە و بەتایبەت پڕۆژەی ڕێگاوبان زیاتر جێبەجێ کراون، بۆیە ساڵی ڕابردوو پڕۆژەی زۆر لە سنووری ھەولێر جێبەجێ کراون لە ھەموو سێکتەرەکان، وەکوو ئاو و کارەبا و پەروەردە و ڕێگاوبان و زۆرینەی پڕۆژەکان دراونەتە بەڵێندەر و بەشێکیان تەواو بوون و بەشێکیشیان بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت.''

جێگری پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، ''بەپێی پلانی دانراو، پڕۆژەکان جێبەجێ دەکرێن و ئەمساڵ زیاتر لە١٣٠ پڕۆژە جێبەجێ کراون، جگە لەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی پارێزگای ھەولێر ئەنجام دەدرێن کە ئەویش زیاتر لە ٥٠ پڕۆژە دەبێت، بۆیە سەرجەم پڕۆژەکانی سنووری ھەولێر دەگاتە ٢٠٠ پڕۆژە کە لەمساڵدا لە ھەولێر جێبەجێ کراون.''

باسی لەوەشکردووە، ''پڕۆژەکان جۆراوجۆرن و پڕۆژەی بچووک و گەورەشی تێدایە و بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە ٦٣ ملیار دینار بودجەمان بۆ تەرخان کراوە.''