لەسەر دۆسیەی كوشتنی گەنجەكەی قەرەداغ دوو تۆمەتبار دەستگیركران

  2023-01-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
له‌باره‌ی كوژرانی سێ كوڕی ئه‌ندامی یه‌ك خێزانه‌وه‌ كه‌ دواهه‌مینیان رۆژی 3ی ئه‌م مانگه‌ ته‌رمه‌كه‌ی دۆزرایه‌وه‌، پۆلیسی سلێمانی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ڵێت: دوو برای كوژراوه‌كه‌ ده‌ستگیركراون و برای سێیه‌میان پله‌داری سه‌ربازییه‌ له‌ هه‌ولێرو هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی ده‌ده‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕایگەیاند، لەسەر دۆسیەی كوشتنی گەنجەكەی قەرەداغ دوو تۆمەتبار دەستگیركران 

پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەبەوەدەکات، رۆژی‌ 2023/1/3 تەرمی‌ هاوڵاتییەك لەڕێگای‌ سلێمانی‌ - قەرەداغ دۆزرایەوە كە دوای‌ ڕەوانەكردنی‌ بۆ پزیشكی‌ دادوەریی دەركەوت كەسەكە خنكێنراوە، هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵنەوەكانی‌ بۆ دۆزینەوەو ئەنجامدەری‌ تاوانەكە دەستپێكرد. پێشترو ڕۆژی 23-12-2022 هاوسەری‌ كوژراوەكە هەواڵی دیارنەمانی هاوسەرەكەی گەیاندبووە بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچراو سكاڵای‌ یاسایی لەسەر سێ برای‌ هاوسەرەكەی‌ تۆماركردبوو.

پۆلیسی سلێمانی باس لەوەشدەکات، دادوەر بەپێی ماددەی 406 لەیاسا سزادانی عیراقی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تۆمەتباران دەركرد، هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوو توانرا دو برای كوژراوەكە دەستگیربكەن‌و لەئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، هەروەها هێزەكانی‌ پۆلیس لەهەوڵدان بۆ دەستگیركردنی‌ براكەی‌ دیكەیان كە پلەدارێكی سەربازیەو لەهەولێر نیشتەجێیە.

پۆلیسی سلێمانی: جێی ئاماژەیە لەساڵی‌ 1995دا باوكیان بەناوی (ل، ح) لەگوندی‌ كانی خاكی‌ سەر بەناحیەی‌ سەنگاو كوژراوە.
هەروەها ڕۆژی‌ 2014/6/14 لەسەر ڕێگای عەربەت - سلێمانی تەرمی دوو برای‌ دیكەی‌ به‌كوژراوی‌ دۆزرانه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و كات لەبنكەی پۆلیسی عەربەت دۆسیەی‌ لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایه‌وەو ڕێكاریی یاسایی گیرایەبەر.


ڕیکلام