کۆتایی ژەنڕاڵی تارمایی

  2023-01-10  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەچووە سوریا و بەدوایدا لوبنان لەوێوە بۆ یەمەن و دەگەڕایەوە بۆ عێراق کەسیش پێی نەدەزانی ٢٠ ساڵی کۆتایی تەمەنی لە گەشتکردنی بەردەوامدابوو ھیچ کاتێکیش پێویستی بە پاسپۆرتەکەی نەبووە لە سیاسەتیشدا ھاوشێوەی ئەمەریکای دوژمنی بوو


ژەنەراڵ قاسم سلێمانی، جێبەجێکاری سیاسەتی ئێران لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست

گومانی تێدا نییە، قاسم سلێمانی بەردەوام لە خۆشکردنی ئاگری ململانێکانی ناوچەکە بوو، تا ئەوەی بە دوو مووشەک کۆتایی پێھێندرا

لە ساڵی ١٩٥٧ لە شارۆچکەی رابۆر سەر بە پارێزگای کرمان لەدایک بووە

لە سەرەتای تەمەنیدا، کاری مەدەنی کردووە و ھاوڵاتییەکی ئاسایی ئێران بووە
تا ساڵی ١٩٧٩ کاتێک سوپای پاسداران دامەزرا
ھەر لە سەرەتاوە چووە ناو ریزەکانی سوپا 

سەرباری ئەوەی ھیچ پێشینەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵام راھێنانی بینی و دوای کەمتر لە دوو مانگ کرایە فەرماندەی لیوایەکی تایبەت بە خۆی

ھێندەی نەخایاند کە جەنگی عێراق-ئێران دەستیپێکرد، ھەرچەندە لە چەند شەڕێکی جەنگەکەدا بەشدار بوو، بەڵام ناوی سلێمانی نەببووە ناوێکی ناسراو
لە شەڕە جیاوازەکاندا ھەزاران سەربازی ئێرانی بەکوشتدا و گوێی بۆ فەرمانی بەرپرسەکانی نەدەگرت

دوای جەنگ، سلێمانی نێردرایەوە کرمان و پشتگوێخرا

تا ئەوەی رەفسەنجانی سەرۆکی ئێران و موحسین رەزایی فەرماندەی گشتی سوپا لە پۆستەکانیاندا نەمان

لێرەوە ئەستێرەی سەربازی ئەو درەوشایەوە
ئەویش کە بە فەرمانی خامنەیی رابەری باڵا وەک فەرماندەی سوپای قودس دیاریکرا

 سلێمانی و سەپاندنی سیاسەتی ئەمەریکی

دوای دیاریکردنی وەک فەرماندەی سوپای قودس
ھەژموونی سلێمانی بەسەر تەواوی توانای سەربازی ئێراندا دەستیپێکرد

لە ھەموو وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەوڵی سەپاندنی سیاستەکانی ئێرانی دەدا

ئەویش یەک مەبەستی لە پشت بوو، ئەوەی لە بەرژەوەندی ئێران بێت ئەم جێبەجێی دەکات

بە تەواوی ھاوشێوەی سیاستی ئەمەریکا، کە دەڵێن بەرژەوەندی خۆیان لە سەروو ھەموو شتێک

ھیچ شتێک و کەسێکیش رێگری نەبوو

بێ لێپرسینەوە گەشتی دەکرد، ھەتا باڵاترین سەرۆکی وڵاتەکانیش نەیاندەزانی کە ئەو چووەتە ناو وڵاتەکەیان

مەگەر خۆی بیویستایە ئاشکرای بکات

سلێمانی و عێراق




لە عێراق، کاریگەری ئێران لە بنچینەدا بەھێز بوو
بەڵام سلێمانی ھەموو ئەوانەی نوێکردەوە، بە دامەزراندنی میلیشیا و ھێزی چەکدار

وەک سوپای بەدر و کەتیبەکانی حیزبوڵا و عەسائیبی ئەھلی حەق و سەرایا دەم
ئەمە بەدەر لە ھاوکاریکردنی میلیشیا شیعەکانی دیکەی عێراق کە خۆڕسکی بۆ بەرھەڵستکاری ئەمەریکا سەریانھەڵدابوو

لەم نێوەندەدا بوو ئاشانەیەتی لەگەڵ ئەبو مەھدی موھەندیس پەیدا کرد
کە لەو کاتەدا سلێمانی دەھاتە عێراق بۆ رێکخستنی میلیشیا شیعەکان
و موھەندسیش وەک فەرماندەی ھێزە شیعییەکان، بەردەوام پێکەوە لە گفتوگۆدا بوو

لێرەوە ھاوسەنگەری و ھاوڕێیەتی سلێمانی و موھەندیس دەستیپێکرد
دوو فەرماندەی سەربازی
یەکێکیان عێراقی و  ئەوی دیکە ئێرانی
کاریان بۆ بەرژەوەندییەکانی مەزھەبی شیعەی ئێران دەکرد

سلێمانی و موھەندیس، لە لێدوانە جیاوازەکانیاندا، خۆیان بە سەربازی یەکدی ناوزەند دەکرد

لە کۆتاییشدا، دوا ساتی ژیانیان پێکەوە بوو

دوایین میلیشیا کە لە عێراق دایمەزراند حەشدی شەعبی بوو، ئەویش بە فەتوایەکی سیستانی و ھەوڵی خۆی

ھەموو ئەم میلیشیایانەش یەک ئامانجیان ھەبوو
تەنھا و تەنھا ناسەقامگیرکردنی خاکی عێراق بوو

سلێمانی و کورد

یەکەم ئەزموونی جەنگی سلێمانی دژی ھێزە کوردییەکان بوو
ئەویش کە چووە مەھابادی رۆژھەڵاتی کوردستان و دژی ھێزەکانی حیزبی دیموکرات شەڕی کرد
لە ساڵانی جەنگی عێراق-ئێراندا
چەند جارێک فەرماندەی شەڕەکانی کردووە لە خاکی کوردستاندا
دوای جەنگیش

زوو زوو لەگەڵ بەرپرسانی کورددا کۆدەبووەوە


لەکاتی ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ 
پێشوەختە چەند جارێک قاسم سلێمانی رووی لە ھەولێر و سلێمانی کرد
ھەوڵیدا سەرانی کورد پاشگەزبکاتەوە

ھەرچەندە ھەڕەشەی کرد کە حەشدی شەعبی ھێرشدەکاتە سەر پێشمەرگە
بەڵام گرنگی پێنەدرا

تا ئەوەی رۆژی ٢٥ی ئەیلول ھات و ریفراندۆم کرا
ئەمە پێش ھەموو شتێک، سلێمانی توڕە کرد

دوای چەند رۆژێکیش خۆی فەرماندەیی ھێرشکردنە سەر کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کرد و کوردستانی جیا کردنەوە

سلێمانی، تێکدەری سەقامگیری وڵاتان

دوای دیاریکردنی وەک فەرماندەی سوپای قودس

قاسم سلێمانی بە دەیان تەقینەوە لە وڵاتانی دەرەوەی ئێران تۆمەتبارکراوە
وەک لە ئەفغانستان و پاکستان و لوبنان و سعودیە و ئەرجەنتین، جۆرجیا و ھیندستان و تایلەند و بوڵگاریا و ئازەربایجان و ھەتا ناوخۆی ئەمەریکاش
ئەمە بەدەر لە دەیان تۆمەتی کردەوە دیکە، کە لە زۆرینەی وڵاتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاس ئەنجامیداون

وردەکاری ٣٦ کاتژمێری کۆتایی تەمەنی سلێمانی

شەوی ٢ی کانوونی یەکەم
ژەنەراڵ قاسم لە ئێرانەوە بە فڕۆکە گەیشتە دیمەشقی سوریا
کەس نەیدەزانی لەوێیە، ھەتا بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریاش

سەرپێچی ھەموو رێکارە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەی دیمەشقی کرد و 
بێ ئەوەی چاوی بە ھیچ کەسێک بکەوێت

راستەوخۆ سواری ئۆتۆمبێلێک بوو و خۆی گەیاندە خاکی لوبنان، کاتێک گەیشتە بەیروت لەگەڵ حەسەن نەسڕەڵا ئەمنیداری حیزبی حزبەڵا کۆبووەوە

بابەتی گفتوگۆکەشیان میلیشیاکانی عێراق و لوبنان بوو کە چۆن رێکیانبخەنەوە و لە ئەگەری رووبوونەوەی ئەمەریکادا بەکاریانبھێنن

ھەر کە تەواو بوون، راستەوخۆ بە ھەمان رێگەدا گەڕایەوە بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق

چووە ناو فڕۆکەیەکی بازرگانی و لەناو خەڵکی ئاساییدابوو

لەوێ چەند خولەکێک فڕۆکەکە دواکەوت، بە چەند ھۆکارێک کە تا ئێستاش نازاندرێن

گومانێک ھەبوو کە ئەمەریکا ھەماھەنگی کردووە لەگەڵ بەرپرسانی فڕۆکەخانەی دیمەشق بۆ ئاشکراکردنی کاتی گەیشتنی بە بەغدا

ھەر لەوێ چەند بەرپرسێک دەستگیرکران

فڕۆکەکە چووە ئاسمان
لەو سەرووبەندەدا ئەبو مەھدی موھەندیس بەرپرسی حەشدی شەعبی ئاگادارکرایەوە کە سلێمانی بە رێگەوەیە بۆ فڕۆکەخانە بەغدا و دەستبەجێ ئامادەکاری بکات

ئەویش پەیوەندیکرد بە بەرپرسی حەشد لە فڕۆکەخانەی بەغدا و وتی کە میوانێکی زۆر گرنگ لە رێگەیە، بەبێ ئاشکراکردنی ناسنامەکەی
دواتر ئەبو مەھدی مەھەندسیش گەیشتە فڕۆکەخانەی بەغدا کە ئەرکی ئەمنییەتی بە کۆمپانیای جی فۆر ئێسی بەڕیتانی راسپێردراوە

کاتژمێر ١٢:٣٢خولەکی بەرەبەیانی ٣ی کانوونی دووەم، قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس گەیشتە فڕۆکەخانەی بەغدا

ئاھەنگێکی پێشوازی بۆ رێکخرا، لە دەرەوەش دوو ئۆتۆمبێل ئامادەکرابوون بۆ گواستەوەیان

ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری ھیۆندا و تۆیۆتا ئەڤەلۆن بوو
کە لە بەغدا زۆر باون، ئەویش بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە

بەڵام ھەر کە سەرکەوتن، لە رێگەی کامێراکانی چاودێریەوە ناسمانەی ئاشکرا بوو
ھەتا ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیش ئاشکرابوون 

تەواو
ئەمەریکا ئاگاداری ھەموو شتێکە و چاوەڕێی کاتژمێری سفرە
راستەوخۆ دوای چوونە دەرەوەیان لە فڕۆکەخانەی بەغدا
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمەریکا بە فەرمانی پێشوەختەی دۆناڵد تڕەمپ ھەردوو ئۆتۆمبێلەکەی کردە ئامانج
کە سەرجەم سەرنشینەکان کوژران

ھەتا دوای رووداوەکە و گەیشتنی ھێزە ئەمنییەکانی بەغدا بە شوێنەکە
کاتێکی زۆریان پێویست بوو بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی سلێمانی
چونکە ھیچ کەس ئاگادار نەبوو کە ھاتووەتە بەغدا

سلێمانی، پێش ھەموو گەشتێک ئامادەکاری تەواوی دەکرد
سوار فڕۆکە دەبوو بێ دیاریکردنی پێشوەختەی شوێن یاخود کاتەکەی
فڕۆکەی بازرگانی و ئۆتۆمبێلی ئاسایی بەکاردەھێنا تا ناسمانەی بشارێتەوە
لە ھەموو ماوەی چالاکبوونیشیدا، بۆ یەک جاریش پاسپۆرتەکەی بەکارنەھێناوە و مۆری ھیچ گەشتێکی پێوە نییە

ھەموو ئەمانە بوون کە وایان کرد بە فەرماندەی تارمایی بناسرێت

بەڵام لە کۆتا کاتژمێرەکانیدا، سودێکی لێ نەبینی
چونکە ئەمەریکا بە دوو مووشەک شوێنەواری فەرماندەی تارمایی سڕیەوە

 

ئامادەکردنی؛ کارۆخ کامەران ڕەسوڵ



ڕیکلام