مین بە دوو هاوڵاتیدا تەقیەوە و یەکێکیان قاچێکی لەدەستدا

  2023-01-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند، لە شاخى گۆرنۆک/بێخاڵ سەر بە قەزاى رواندز دوو هاووڵاتى بەرمین کەوتن و بریندار بوون.

بەرگری شارستانی سۆران لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، هەردوو هاووڵاتیەکە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى رواندز و یەکێکیان بەهۆى ئەوەى پێى لەسەر مینەکە داناوە قاچێکى لە دەست داوە  و برینەکەی سەختە، بۆیە لە نەخۆشخانەى رواندزەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەى ئاشتى لە سۆران.

یەکێک لە بریندارەکان لە دایکبووى 1998 دانیشتووى رواندز/گەرەکى شەهیدانە و کەللە سەرى بریندارە و بارى تەندروستى جێگیرە و چارەسەرى پێویستى بۆ کراوە، ئەوەى تریان لەدایک بووى 1991ـە و خێزاندارە ودانیشتووى رواندزە و فەرمانبەرە لە فەرمانگەى کارەباى رواندز.

بەرگری شارستانی سۆران دەڵێت، "هۆکارى رووداوەکە لادان بووە لە رێگاى سەرەکى پیادە رۆیى لەگەڵ گروپى شاخەوانى کە خۆیان ئەندامى ئەو گروپە بوون."