شیعەکان لەتۆمەتبارکردنی هەیسم جبوری پاشگەزدەبنەوە

  2023-01-15  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رۆژنامەیەکی عێراقی ئاشکرای دەکات، بەشێوەیەکی تاکتیکی پاشگەزبونەوە هەیە لەتۆمەتبارکردنی هەیسەم جبوری ڕاوێژکاری سەرۆکی پێشوی حکومەت، بەتێوەگلان لە "دزی سەدە"


ڕۆژنامەی (مەدا) کە رۆژنامەیەکی عێراقیە لەژمارەی ئەمڕۆیدا ئەوەی ئاشکراکردوە: بەشێوەیەکی تاکتیکی پاشگەزبونەوە هەیە لەتۆمەتبارکردنی هەیسەم جبوری ڕاوێژکاری سەرۆکی پێشوی حکومەت، بەتێوەگلان لە "دزی سەدە" دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی ئازادکردنی.

رۆژانەمەکە ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کەسانە کردوە کە لە دۆسیەکەدا تێوەگلاون ئاماژەی بەوەشداوە:  ژمارەی تێوەگلاوان لەو دزییە گەیشتووەتە زیاتر لە ( ٣٠ ) کەس و، یەکێک لەدیارترین تۆمەتبارەکانی ئەو دۆسییە، هێشتا نزیکەی ( ٦٠ )موڵکی لەبەغداد بەناوەوەبە، هەروەھا دادگا هیچ پرسیارێکی لەبارەی ئەو پارانە لێنەکردووە.

عەلی تورکی پەرلەمانتاری نزیک چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ڕۆژنامەکە ئەوەی ڕاگەیاندووە: جبوری تۆمەتبارە بە گەورەبونی سامانەکەی، دادگایکردنەکەشی دواخراوە کە بڕیاربوو ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بێئاگای خۆشی پیشانداوە لەوەی ناوبراو بەکەفالەت ئازادکرابێت، دوای ئەوەی ( ٤ ملیارد) دیناری گێڕاوەتەوە.

 عەلی تورکی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشداوە: هەیسەم جبوری هیچ پەیوەندییەکی بە دزی پارەی باجەکانەوە نییە، جگە لەوەی کاتێک سەرۆکی لیژنەی دارایی بووە، نوسراوێکی بەرزکردووەتەوە بۆ سەرۆکی پێشوی حکومەت، تیایدا داوایکردووە وردبینی چاودێری دارایی لەسەر ڕاکێشانی ئەو پارانە لە فەرمانگەی گومرگ هەڵبگیرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی نزیک لە چوار چێوەی هەماھەنگی باسی لەوەشکردوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشو بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆ ھەڵدەگرێت، لەبەر ئەوەی ئەو فەرمانیکردووە ڕێوشوێنەکانی چاودێری دارایی لەسەر ڕاکێشانی ئەو پارانە هەڵبگیرێت و، ئەو پێشنیازەش لەبنەمادا پێشنیازی پەرلەمانتاری پێشوو فەیسەڵ عیساوی بووە. 

عەلی تورکی پێی وایە، "هەیسم جبوری عەقڵی جێبەجێکاری دزی سەدەیە".

 رۆژنامەکە زیاتر لەو بابەتە هەستیارە وردبوەتوە و پەرلەمانتارێکی ئاگادار لە دۆسییەکە بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە، " زۆرینەی ئەوانەی تێوەگلاون لەدۆسییەکە کە ژمارەیان ٣٧ کەسە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە".

  پەرلەمانتارێکی دیکە کە نەیویستوە ناوی ئاشکرابکرێت بۆ رۆژنامەکە رایگەیاندوە، " لەنێو تێوەگلاوەکاندا کەسانێک ھەن، کامێراکانی چاودێرییان پەکخستووە لەکاتی گواستنەوەی پارەکان لەبەشی سەرەکی بانکی ڕافیدەین".

 ئاماژەی بەوەشکردووە: "نور زوهێر هێشتا زیاتر لە ٥٥ موڵکی بە نرخی خەیاڵی بەناوەوەیە یان بەناوی کەسە نزیکەکانییەوەیەتی". 

  نور زوهێر تۆمەتباری سەرەکی دزیی سەدە، تائێستا بەدووجار نزیکەی ٢٠٠ ملیارد دیناری گیبَڕاوەتەوە، لەکۆی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیارد دیناری دزراو لەپارەی باجەکان، بەگوێرەی سەرچاوەکان، ناوبراو لەژێر چاودێری دەزگا ئەمنییەکاندایە تاگێڕانەوەی تەواوی پارەکەو، لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە ڕاستییەکانیش داوای دادگایکردنی دەکات دوای گێڕانەوەی پارەکان.


ڕیکلام