دیکتاتۆری مەسرور هەرێم بەرەو وێرانەی دەبات

  2023-01-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بارزانی کوڕ دۆخەکەی بردە چەقبەستوویی ئێستا چارەسەرێکی وەها نەماوە ماوەی زیاتر لە ٢ مانگە ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر شێوازی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان قوڵبوونەتەوە ناکۆکییەک کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە چەقەکەیدایە سیستەمێکی تاکڕەوی پەیڕەو دەکات و گوێ لە هیچ لایەنێک ناگرێت هەتا زۆر کات پێشنیازی باوک و ئامۆزاکەی خۆشی پشتگوێ دەخات مەسرور بارزانی بۆ وا دەکات؟....


ڕۆژی یەکشەممە، مەسرور بارزانی پەیامێکی رق ئامێزی بڵاوکردەوە
پەیامێک کە تەواو حیزبی بوو
ئامانجەکەشی تێکدانی دۆخی سیاسی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان 
حزبەکەی و یەکێتی بوو

لە پەیامەکەدا، مەسرور بارزانی باس لە بەرژەوەندی گەل دەکات
ئەگەر بەهەدەردانی نەوتی هەرێم و رێگەخۆشکردن بۆ تورکیای دۆستی بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی لە بەرژەوەندی گەل بێت ئەوا لە ئامانجەکەیدا سەرکەوتوو بوو

بەڵام بەرژەوەندی گەل لە سەقامگیری سیاسی و ئابووریدایە
ئەم ئامانجانە نەک ئەوەی لەم کابینەیەدا نەپێکراون
بەڵکو بەراورد بە کابینەی پێشووتر زۆر پاشەکشەی کردووە
وەک خۆی دەڵێت"جیاوازی لە نێوان شارەکاندا ناکات".

بەڵام هەتا خۆشی باوەڕی بەم قسەیەی نییە
ئامانجێکی چەواشەکارانەیە و دەیەوێت خەڵکی فریو بدات
ئەوەشی کە مەسرور بارزانی دەیەوێت فریوی بدات، هاوڵاتییانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانە 

ئەم کابینەیە بەتەواوی پێوەرەکان شکستی خواردوە
لە سەرووی ئەم شکستەشدا مەسرور بارزانی هەیە
لەو کاتەدا، کە کارنامەی کابینەکەی راگەیاند"مەسرور بارزانی زۆر جەختی لە بنبڕکردنی گەندەڵی دەکردەوە".
بەڵام دوای زیاتر لە چوار ساڵ، نەک ئەم دیاردەیە بنڕ نەکراوە
بەڵکو لە ژێر سایەی مەسرور بارزانی خاوەنی دەسەڵاتی رەهادا بوژاوەتەوە
بە شێوەیەک کە، نزیکەی سەرجەم گرێبەستەکانی پەیوەست بە نەوت و سامانی سرووشتی 
دراون بە کۆمپانیا سێبەرەکانی خۆیان

بەهۆی ئەمانەوە کۆمپانیا مشەخۆر و تورکیای دۆستیان دەوڵەمەند دەبێت
خەڵکی هەرێمیش تا دێت دۆخیان بەرەو خراپتر دەڕوات
ئەوە نەبێت مەسرور بارزانی تەنها لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا ئاژاوەیی نابێتەوە
بەڵکو هەتا ناوخۆی حیزبەکەی خۆشی بردووە بە شاخدا
کودەتای سپی بەسەر ئامۆزاکەی ئەنجامدا و 
مەسعود بارزانی باوکیشی وەلاناوە

ئەو مەسعود بارزانییەی جاران کۆنترۆڵی هەموو شتێکی دەکرد
ئێستا لە سایەی سەری کوڕەکەی تەنھا دەچێتە حزوری شاندە بیانییەکان 
یاخود کاتێک پێویستیان دەبێت
لە یەکێک لە چالاکییەکانی خۆیان لە هەولێر و دھۆک بانگهێشتی دەکەن و وتارێکی ئامادەکراوی پێ دەخوێننەوە
ئەمە بە بوکەڵەکردنی باوکە لەلایەن کوڕەوە
کوڕێک کە هەرێمێکی شەش ملیۆن کەسی داوە بە یەکدا
جا نەخوازەڵا ئەمە سەرۆکی وڵاتێک بوایە
ئەوکات دەبوو چی دیکتاتۆرێکی لێ دەربچوایە!

سیاسەت چەندە لێزانی بێت، هێندەش نەرمی نواندنە
هێندەش گەیشتنە بە خاڵی هاوبەش
لە وڵاتاندا، سیاسەت بۆ بەرژەوەندی گەل دەخرێتە خزمەتەوە
بەڵام لە قاموسی مەسرور بارزانیدا شتی وەها بوونی نییە
سیاسەتی ئەو، لە خزمەتی تەنها خۆی و باڵەکەیدایە لە ناو پارتی
لە دوایین کۆنگرەدا پارتی بە تەواوی بووە موڵکی بارزانی کوڕ
گەر کاری بکردایە بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردستان
ئەوا دەمێک بوو ناکۆییەکان چارەسەر کرابوون
ھەر دوو مانگ لەمەوبەر دەیتوانی بە پەیوەندییەکی تەلەفون چارەسەری دۆخەکە بکات
بەڵام ئەوە ھەرگیز لە پلانیدا نەبووە
بەڵکو زۆر بە پێچەوانەوە

رق و کینەی دڵی دەخاتە ناو سیاستەکەی و کاری پێدەکات
لە سنووری سلێمانی فەوج بۆ بکوژ دادەنێت و خەڵکی بە ناویەوە ئاژاوە دەنێنەوە
ئەوەشی لە سلێمانی بەهۆی دۆسیەی خۆیەوە ھەڵدێت
مەسرور بارزانی باوەشی بۆ دەکاتەوە و 
پۆستی سەیر و سەمەرەی دەداتێ
یەکێک وەک راوێژکار و یەکێک وەک نوێنەر
تاوانباران لەخۆی کۆدەکاتەوە و بێتاوانن دەخاتە زیندان
بچوکترین نمونەی ئەمە دۆسیەی رۆژنامەنوسانە کە دەیان کەس بە ناهەق زیندانی کران
ئەوە ئەم جۆرە سیاسەتەیە بووەتە شێرپەنجە لە هەناوی هەرێمدا
شێرپەنجەیەک کە ماوەیەکە لە تەشەنەسەدندایە
لەبری چارەسەرکردنیشی، سەرۆکە تاکڕەوەکەی حکومەت هێندیتر خراپی دەکات

بڕیارە، برێت مەکگۆرک نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە هەرێم
هۆکارەکەشی بۆ ئەوەیە نێوەندگیری لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بکات
بەڵکو ئاوێک بەم ئاگرەدا بکات و شێوەیەک لە سازان بێتە ئاراوە
بەڵام بە پشتبەستن بە رابردوو و هەڵوێستە دیارەکانی مەسرور بارزانی
ئەم سازانە زۆر دوور دەبێت لە راستییەوە

سەردانەکەی مەکگۆرک سودی نابێت و بە دەسبەتاڵی دەگەڕێتەوە ئەمەریکا
ئەم دۆخە بەرهەمی باشی لێ سەوز نابێت
چونکە لەدوای شەری ناوخۆوە، هێندەی ئێستا دۆخەکە مەترسیدار نەبووە
ئەوکاتیش، لە سیاسەتی هاوشێوەوە شەڕی براکوژی سەریهەڵدا

دۆخەکە هەرچۆنێک بێت
لە چەند رۆژی داهاتوودا هەموو شتێک روون دەبێتەوە
بەڵام شتێک کە تا ئێستا روون و ئاشکرایە ئەوەیە
کە مەسرور بارزانی سیاستەی تاکڕەوی و حاکمی دەسەڵاتی رەها پەیڕەو دەکات
کەئەوەش قەوارەی ھەرێمی بەتەواوی خستوەتە مەترسییەوە 
هەر ئەمەش وادەکات ئایندەی کوردستان بەرەو ناسەقامگیری بڕوات


ڕیکلام