بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە کامێرای پۆینت تو پۆینت لەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر دەکەوێتە کار.
هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی قوربانییەکانی هاتوچۆ و کۆنترۆڵکردنی تیژڕۆیی، وەکو قۆناغی یەکەم، کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ یان Point to Point کە تێکڕای خێرایی لە نێوان دوو کامێرا تۆمار دەکات، لە شەقامی ١٢٠ مەتری، لە نێوان شەقامی کەرکوک بۆ شەقامی بنەسڵاوە لە هەردوو ساید؛ لە هەفتەی داهاتوودا دەکەوێتە کار.
هاتوچۆ دەشڵێت، ئاگاداری شوفێران دەکەنەوە کە بۆ ئەوەی خۆیان لە سزای دارایی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی بپارێزن، نابێ لە شەقامی ١٢٠ مەتری لەمەولا تیژڕۆیی بکەن.
ئەوەش هاتووە، لە هەموو شەقامی ١٢٠ مەتری خێرایی رێگا پێدراو بەم جۆرەیە:
یەکەم: ئۆتۆمبێلی بچووک نابێت لە ١١٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا خێراتر بڕوات. هەر خێراییەکی زیادە بۆتان تۆمار دەکرێت و سزای دارایی دەدرێن جا کامێراکە دیار بێت یان نا.
دووەم: ئۆتۆمبێلی گەورە (بارهەڵگر) نابێت لە ٨٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا خێراتر بڕوات. هەر خێراییەکی زیادە بۆتان تۆمار دەکرێت و سزای دارایی دەدرێن جا کامێراکە دیار بێت یان نا.
هاتوچۆ دەشڵێت، شوفێرانی بارهەڵگر ئاگادار دەکەینەوە کە تەنیا رێگا پێدراون لە هێڵی دیاریکراودا شوفێری بکەن. بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.