بافڵ جەلال تاڵەبانی: شەهید ئاکام فەرماندەیەک بوو کە قەت لە بیرمان ناچێتەوە

  2023-01-21  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە چلەی شەهیدی فەرماندە ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رایگەیاند، " ئەوەی شەهید ئاکام کردی شانازییە بۆ کوردستان، هەرگیز لەبیرمان ناچێتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە میانی بەرێوەچوونی مەراسمی چلەی فەرماندە ئاکام عومەر، وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "شەهید ئاکام فەرماندەیەک بوو کە قەت لە بیرمان ناچێتەوە و بۆشاییەک هەیە لە دڵماندا کە زۆر قورسە پڕ ببێتەوە. هەر شتێک دەکەین کاک ئاکام-مان بیر دێتەوە، لە دانیشتندا لە رێکخستنی ئۆپراسیۆندا لە کۆبوونەوە و سیاسەتدا لە قسەی خۆشدا".

ئاماژەی بەوەشدا، "هەموو شت کاک ئاکاممان دێنێتەوە بیر، ئەو چاکەتەی کە لەبەرمدایە هی کاک ئاکام بوو."

سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دووپاتیشیکردەوە، "دەزانم کاک ئاکام لە شوێنێکی باشترە، دەزانم چاوی لێمانە، حەزیش ناکات عاجز بین. ئێستا گوێم لێیەتی بە ئینگلیزیەکەی خۆی لێرە بوایە بە منی ئەوت: "Sir, don't be sad, look after the GUESTS" چونکە ئەیوت گێستس-Guests" وە هەرگیز بۆم راست نەکردەوە، ئەیوت look after the guests and look after my man". 

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، "بۆیە لێرەدا وەکو کاک ئاکام و وەکو هێزی کۆماندۆ و بە قسەی خۆی، "خوا وەکیلە" ئەو هێزی کۆماندۆیە چەند نازدار بوو لای، ئێمە بەهێزتری دەکەین و زیاتر بۆ پێشەوە دەرۆین."

جەختیشی کردەوە، "ئەوەی پێمان دەکرێت بۆ دروستکردنی ئەو کوردستانە کە کاک ئاکام و هەموو شەهیدەکانمان خەونیان پێوە دەبینی، دەیکەین."

دواتر رووی کردە خێزانی شەهید ئاکام و وتی، "دەزانم ئەم کورە ئاڵتونییە گەراوەتەوە بۆلای خوای گەورە، بەڵام ئێمە برای ئاکامین، براکانی زۆرن و لە هەموو شوێنێک لە خزمەتتاندا دەبین".

رۆژی 19ـی 10ـی 2022، هێزەکانی کۆماندۆ بە سەرپەرشتیی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکە بۆ ئۆپراسیۆنێک چوونە سنوری گەرمیان لە شارۆچکەی زنانە، بە مەبەستی کێوماڵکردنی سنوورەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگە و پاشماوەکانی داعش لە سنوورەکەدا، بەڵام تۆڕێکی مین بە هێزەکەدا تەقییەوە و بەو هۆیەوە ئەندامێکی هێزەکە بە ناوی شەهید نەقیب زوهێر محەمەد فایەق شەهیدبوو و فەرماندە ئاکام عومەر و حەوت ئەندامی دیکەیان بریندار بون.

دوای برینداربونی،  فەرماندە ئاکام عومەر 10 رۆژ لە نەخۆشخانەی فاروق لە سلێمانی مایەوە، دواتر بە فڕۆکە و لەڕێگەی تیمێکی پزیشکییەوە بە مەبەستی چارەسەر گواسترایەوە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا؛ رۆژی دوشەممە 12ـی 12ـی 2022، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە ئەڵمانیا شەهید بوو.


ڕیکلام