"بارزانی و مه‌كته‌بی سیاسی پارتی جه‌خت له‌ هه‌ڵبژاردن له‌مساڵدا ده‌كه‌نه‌وه‌"

  2023-01-24  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردندان لەمساڵدا.


رێبوار بابکەیی، بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاند: "ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی سوورین لەسەر جێبەجێکردنی پەیامی بارزانی کە ئەمری کردبوو پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خولی شەشەم لە ئەمساڵدا ٢٠٢٣ بکرێت، هەروەھا بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتیمان کە لە ١٨ی ئەم مانگە دەرچوو، چوار خاڵی لەخۆ گرتبوو، یەکێک لەو خاڵانە پەیوەست بوو بەوەی کە پێویستە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و تاووتوێی پرسی هەڵبژاردن بکرێت".

ئەوەشی وتووە: "پەیامەکەی بارزانی دەهێنینە پەرلەمان و لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تر تاوتوێی دەکەین، هەروەھا لەسەر بنەمای ئەو خاڵانەی کە لە بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتیماندا هاتبوو بۆ پرسی هەڵبژاردن، داوامان کرد کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە و ئامادەیی خۆشمان نیشان دا بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە فرەبازنەیی، یان چواربازنەییش بکرێت و، هەموو ئامادەییەکمان دەربڕی بۆ زەمینەسازیی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و لەو بارەیەوە داوامان کرد، پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەک بکات بۆ هەڵگرتنی هەموو ئەو ئاستەنگە یاساییانەی لە ‌بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەر‌لەمانی کوردستاندا هەن''.


ڕیکلام