نێچیرڤان بارزانی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بڕیارێکی تەواو نادادپەروەر و ستەمکارانەیە

  2023-01-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بڕیارێکی تەواو نادادپەروەر و ستەمکارانەیە".

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان  سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: بڕیاری ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە نادروستیی ناردنی شایستەی دارایی و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢، بڕیارێکی تەواو نادادپەروەر و ستەمکارانەیە. ئەو بڕیارە نەک تەنیا مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان کە هاووڵاتیی عێراقن، بەڵکو تەواوی پرۆسە و سەقامگیریی سیاسی و ئەو ڕێککەوتنەش بە ئامانج دەگرێت کە حکوومەتی نوێی فیدراڵیی عێراقی لەسەر دامەزراوە.

سەرۆکی هەرێم دەشڵێت: عێراق بە پرۆسەیەکی درێژ و ئاڵۆزی سیاسی و ناسەقا‌مگیریدا تێپەڕی تاکو دواجار حکوومەتێک لە بەغدا هاتە کایەوە کە خەڵکی عێراق هیوا و ئومێدیان لەسەر قۆناغێکی سەقامگیر و باشتری داهاتوو ھەڵچنی. هەموو چاوەڕوانییەک لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەوەبوو کە بە پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو پێکھاتەکانی عێراق و بە ڕەچاوکردنی دۆخی سیاسی، نەبێتە هۆی شێواندنی ئەو دەرفەت و کەشە ئەرێنییەی بۆ چارەسەرکردنی کیشەکانی وڵات، بەتایبەتی کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا دروست بووە و سەقامگیریی سیاسیی عێراق نەخاتە مەترسییەوە.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە: ئەم بڕیارەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەم کاتەدا، جگە لەوەی گومان و دەیان نیشانەی پرسیاری گەورە دروست دەکات، هەروەها بابەتی پەلەکردن لە دەرچوواندنی یاسایەکی تازە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی دادگەکە دەهێنێتە پێشەوە، وەک بەشێکی گرنگ و سەرەکیی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی نوێی فیدراڵیی عێراق.


ڕیکلام