ئاسایشی سلێمانی: حەوت داواکارمان دەستگیرکرد

  2023-01-26  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاسایشی سلێمانی دەستیگیرکردنی حەوت کەسی راگەیاند کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراوبوون

ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد: لەئەنجامی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی بەردەوامی هێزەکانمان بۆ بەرقەراکردنی ئاسایش و ئارامی و دەستگیرکردنی هەموو ئەوانەی دادگا داوایان دەکات هێزەکانمان دوای بڕیاری دەزگای ئاسایشی هەرێم و وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێز دادوەر بەهاوکاری ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی لە چەند هەڵمەتێکدا ٧ تۆمەتبار کە سەرجەمیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە داواکراوبوون بەپێی ماددەی ( ٤ ) تیرۆر دەستگیرکران

 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە: سەرجەمیان خەڵکی  پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواری عێراقن و بەمەبەستی خۆحەشاردان بەناوی کارکردنەوە هاتبوونە سنووری چەمچەماڵ و بازیان و پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت ٣ لە دەستگیرکراوەکان  پلەی  ئەمیریان هەبووە لەناو داعشدا و سەرجەمیشیان راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەریی کران .



ڕیکلام