دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی خراپی کەشوهەواوە دواخرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 31ی كانوونی دووهمی 2023، بڕیار بوو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی سکاڵایەک کە دژی درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەواوە دانیشتنەکە دواخرا.
سکاڵاکە لە لایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکەشکراوە و لەگەڵ سکاڵای هەریەکە لە یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان یەکخراوە.