لە بەردەم داواکارى گشتى هەولێر سوکایەتى بە ژمارەیەک لە کرێنشینان کرا

  2020-07-07  | 
کارزان رەسوڵ چیرۆکی دەستگیرکردنی لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە بۆ ژیان دەگێڕێتەوە
ئەیوب ساڵح
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوێنەری زیانلێکەوتووانی گوندی کۆری لە پارێزگاى هەولێر رایگەیاند، لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لەپیش ماڵى یاسا سوکایەتى بە کرێنشینانى گوندەکە کرا.

کارزان رەسوڵ نوێنەری زیانلێکەوتووانی گوندی کۆری بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، دوێنێ بەئامانجى گەیاندنى یاداشتێکى زیانلێکەوتووانی گوندی کۆری بە داواکارى گشتى گردبوونەوەیەکى هێمنانەیان ئەنجامدا و تیایدا دوایانکرد خزمەتگوزارى بگاتە شوێنەکە، زەویەکانیان بۆ تاپۆ بکرێت، بەڵام جێگرى سەرۆکى شارەوانى هەولێر، هیزەکانى ئاسایشى ئاگادارکردەوە 13 کەسیان دەستگیرکردن.

 وتیشى، دەستگیرکردنەکە زۆر ناتەندروست وبەشێوازێکى توندوتیژى بوو، ئەوە دەستگیرکردن نەبوو، بەڵکو بەزۆر خستیاننە ناو ئۆتۆمبێلەوە و ڕفاندیانن، کە هەر ئۆتۆمبێلێک چوار کەسیان تێکرد و دواتر زۆریان لێدان و قسە نەشیاویان پێوتوون، لەکاتێکدا  مۆڵەتى فەرمیان لە حکومەتى هەریم و خودى وەزارەتى ناوخۆ هەبووە، بۆ ئەوەى داکۆکى لە کرێنیشینان بکەن.

ئاماژەى بەوەشکرد، لەپیش ماڵى یاسا بەجلى سەربازى و بە چەکەوە سوکایەتى بە نوێنەری زیانلێکەوتووانی گوندی کۆری و کرێنشینان کرا و دواتر بەڵینننامەیان پێپڕکرایەوە بۆ ئەوەى جارێکى دیکە بۆیان ننیە گردبوونەوە ئەنجامبدەن.

نوێنەری زیانلێکەوتووانی گوندی کۆری جەختیکردەوە، ئەو بەڵێننامەیە پوچەڵنەکرێتەوە ئەوا هەڵوێستى دیکەیان دەبێت، لەجیاتى گردبوونەوە لە رێگەى بەدواداچوونەوە هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەى کرێنشینان دەدەن.



ڕیکلام