دۆلار دادەبەزێت یان دەگاتە ٢٠٠ هەزار؟

  2023-02-09  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەفدێکی عێراقی لە ئەمریکایە عێراق داواکاری لە ئەمریکا هەیە ئەمریکاش مەرج بەسەر عێراق دەسەپێنێت

رۆژی چوارشەممە، وەفدێکی باڵای عێراقیی بە سەرۆکایەتی فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، بە یاوەری هەریەکە لە عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەند و گیف سامی وەزیری دارایی، بەرپرسانی هەواڵگری و سەربازی لە ئەمریکان

بەپێی راگەیاندراوە فەرمییەکان، ئامانجی کۆبونەوەکە تاوتوێکردنی دۆسییەی دارایی و مەرجی سەر بانکەکانی عێراقە لەلایەن گەنجینەی ئەمریکییەوە کە بۆ سنوردراکردنی هەناردەی قاچاخی دۆلار بۆ ئێران و سوریا لە عێراقەوە، هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر کەیسی سەربازی و هاوکاری هەواڵگریی 

داواکاری یەکەمی وەفدی عێراقی لە ئەمریکا، دواخستنی کارکردنە بە سیستمی سەکۆی ئەلکترۆنی بۆ ماوەی چەند مانگێک، کە دانانی ئەو سەکۆ ئەلکترۆنییە یەکێکە لەو مەرجانەی ئەمریکا بەسەر عێراقدا سەپاندویەتی بۆ بە داتاکردنی سەرجەم ئەو پارەیەی لە عێراق دەچێتە دەر، هەروەها دانانی سنورێک بۆ هەناردەکردنی قاچاخی دۆلار لە عێراقەوە بۆ تورکیا و ئیمارات، لەوێشەوە بۆ ئێران و سوریا و سەرجەم ئەو وڵاتانەی لەژێر ئابڵوقەکانی ئەمریکادان

واشنتن دەیەوێت لەڕێی سەکۆی ئەلکترۆنییەوە چاودێری ئەو پارەیە بکات کە لە عێراقەوە دەچێتە دەر، هەروەها سەرچاوەی پارەکە و ئەو شوێنەشی پارەکەی بۆ دەڕوات دیاربن


بەپێی وتەی یەکێک لە ئەندامانی وەفدەکە، دەرئەنجامەکانی ئەم کۆبونەوەیە بەهای ڕاستیی دۆلار دەستنیشاندەکات، نەک ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران داویەتی بۆ جێگیرکردنی بەهای دۆلار لە ١٣٠ هەزار

هەرچەندە وەفدەکە بەرپرسی باڵای سەربازیشی تێدایە و وا بڕیاربووە قسە لەسەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکرێت، بەڵام محەمەد شەیاع سودانی لەپێناو جێگیرکردنی بەهای دینار و دواخستنی دانانی سەکۆی ئەلکترۆنی و ڕازیکردنی ئەمریکا بە داواکارییەکانیان، بڕیاریداوە بە هیچ شێوەیەک باس لە کەیسی سەربازی و دۆسیەی چوونەدرەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق نەکات

بەڵام تا ئەم ساتە ئەمریکا سوورە لەسەر مەرجەکانی خۆی

رەحیم دەراجی پەرلەمانتاری پێشوو و شارەزای ئابووری، دەڵێت ئەمریکا بەڵگەی مەترسیداری دەستکەوتووە لەسەر بوونی دەستی ئێران لە بازاڕەکانی دراوی عێراقدا

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت
"ئەمریکا باش دەزانێت کە لایەن و کەسایەتی باڵادەست لەپشت پرۆسەی بە قاچاخبردنی دۆلارن بۆ ئێران و سوریاو تورکیاو روسیاو وڵاتانی تر, بۆیە پێمانوانییە واشنتۆن ئاسانکاری بکات لەبارەی سەکۆی ئەلەکترۆنی".

لە کۆتاییدا، ئەگەر عێراق مەرجەکانی ئەمریکا لە وادەی خۆی جێبەجێ نەکات و ئەمریکاش بە داواکاریەکانی عێراق رازینەبێت، ئەوا قەیرانێکی ئابوری قورستر چاوەڕێی عێراق دەکات، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەری ئەوە هەیە دۆلار بگاتە ٢٠٠ هەزار دۆلار

 

ئامادەکردنی؛ کارۆخ کامەران ڕەسوڵ


ڕیکلام