بەرهەم ساڵح سکاڵایەکی لەسەر بەڕێوەبەرێک تۆمارکرد کە تۆمەتباری کردبوو بە وەرگرتنی بەرتیل

  2020-07-07  | 
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک کۆماری عێراق سکاڵایەکی یاسای لەسەر بەڕێوەبەرێکی گشتی پێشوو تۆمارکرد کە تۆمەتباری کردبوو بە وەرگرتنی بەرتیل.

نوسینگەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکایەتی کۆمار سکاڵایەکەی یاسایی لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە دژی محەمەد فەوزی زەیدی بەڕێوەبەری گشتی پێشووی کارەبا تۆمارکردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو تۆمەتانە هیچ ڕاستییەکیان تێدانییە و پوچ و هەڵبەستراون و بەهەموو جۆرێک ڕەتیاندەکەینەوە و مەبەست لێیان لێدانە لە کەسایەتی و ناوبانگی سەرۆک کۆمار و سوکایەتیکردنی بە خۆی و پێگەکەیەتی.

نوسینگەی بەرهەم ساڵح دەشڵێت،  نوێنەری یاسایی سەرۆک کۆمار بە دواداچوون تا قۆناغی کۆتایی بەدواداچوون بۆ داواکە دەکات بۆ سزادانی ئەوکەسانەی بەوکارە هەستاون، تاوەکو هیچ کەسێک نەتوانێت زیان بە ناوبانگی عێراق و دامەزراوەکانی بگەیەنێت.

ئەوەش دوای ئەوەی لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی عێراقی لێدوانێکی محەمەد زەیدی  بەڕێوەبەری پێشووی کارەبا بڵاوکرایەوە کە تیایدا سەرۆک کۆماری عێراق بە وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبار دەکات بە بەهای ٧٠ ملیۆن دۆلار وەک پشکی ئەو لە ڕێکەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای شەنگەهای چینی بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی کارەبا



ڕیکلام