چیدیکە تۆڕەکان نابنە شوێنی بڵاوکردنەوەی بابەتی دوور لە ئادابی کۆمەڵایەتی

  2023-02-12  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیس و دادگاکانی عێراق بەردەوامن لە کارکردن لەو پرۆسەیەی ناویان ناوە "سزادانی ئەو کەسانەی بابەتی ئاست نزم بڵاودەکەنەوە" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

سزادانەکانیان خێرایە و دەستبەجێ دوای دەستگیرکردنیان بە فەرمانی دادوەر، ڕاستەوخۆ دادگایی دەکرێن و سزادەدرێن

پرۆسەکە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە، لەژێر چاودێری لیژنەیەکی باڵای یاسای دادوەری و ئەمنی و شارەزایانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

لەو چوارچێوەشەدا هەفتەی ڕابردوو دادگای سزای سەپاند بەسەر ٥ لەو کەسانەی دەستگیرکراون بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بابەتی دوور لە ئادابی کۆمەڵایەتی، سزاکانیش بریتییە لە دەستگیرکردن بۆ ماوەی ٦ مانگ تا ٢ ساڵ بەپێی ماددەی ٤٠٣ی یاسای سزاکانی عێراق کە لەو ماددەیەدا ھاتووە 

“هەرکەسێک هەستێت بە دروست کردن، هێنان، ناردن، هەڵگرتن، هاندان، گواستنەوە یان بڵاوکردنەوەی وێنەیەک، فیلمێک، ئاماژەیەک یان هەرشتێکی تر لەو شتانەی کە لادەرن لە شەرم و ئادابی گشتی، سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە ٢ ساڵ زیاتر نەبێت وە غەرامەکردن کە بڕەکەی لە ٢٠٠ ھەزار دینار زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە"

هەڵمەتەکە وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی دەکات، داواش لە هاوڵاتیانی عێراق دەکات، هەرکەسێک بابەتێکی هاوشێوەی بەرچاو کەوت، بینێرێت بۆ پێگە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆ

ئەمە دیوێکی ڕووداوەکە بوو

دیوەکەی دیکەی ئەوەیە کە چالاکوانان باسی دەکەن و ترسێک هەیە پرۆسەکە لە هەڵمەتی ڕووبەڕووبونەوەی بابەتی ئاست نزمەوە بگۆڕێت بۆ پرۆسەیەک بۆ دەمکوتکردنی چالاکوانان، بەتایبەت چوونکە بەدیاریکراوی نازانرێت "بابەتی ئاست نزم" چی دەگەیەنێت، ئەو ماددەیەشی کە دەستگیرکراوەکانی پێ سزادەدرێت، ماددەیەکی لاستیکییە و دەکرێت چەندەها بابەتی دیکەی تێدا جێبکرێتەوە، کە پێشتریش ئەم کارە کراوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای سیاسی، دەستکاری واتای ماددە یاساییەکان کراوە

یاخود دەڵێن، لە وڵاتێکدا کە دانیشتوانەکەی لەوپەڕی هەژاریدان بەراورد بە داهاتی وڵاتەکە و ڕۆژانە خەڵک بەهۆی ماددەی هۆشبەر و گەندەڵی و خراپی ڕێگاوبانەکان گیانلەدەستدەدەن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ بێت و لێپرسینەوە لە کچێک بکات لەبەر ئەوەی تاتۆی لەسەر دەستی دروستکردووە

چاودێرانی یاساییش دەڵێن، نالۆژیکییە لەپڕێکدا و بەبێ ئاگاداری پێشوەختە هەڵمەتی گرتنی کەسانێک لەژێر ناوی "بڵاوکردنەوەی بابەتی ئاست نزم" جێبەجێبکرێت، لە کاتێکدا ئەم کەسانەی دەستگیرکراون ساڵانێکە ئەم جۆرە بابەتانە بڵاودەکەنەوە و تا ئێستا هیچ لایەنێکی یاسایی و ئەمنی کاردانەوەی بەرامبەریان نەبووە، بۆیە تا ئەوکاتەی کۆمەڵیک ڕێنمایی دەردەچێت کە تیایدا پێناسەی وشەی بابەتی ئاست نزم بکات، ئەم هەڵمەتە دەکرێت بەلاڕێدا ببرێت

هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵمەتەدا، بەشێک لە میدیاکاران داوای ئەوە دەکەن هەڵمەتەکە تەنها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەگرێتەوە، بەڵکو کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن و ئەو کەسانەی بەشدارن لە بەرنامەی تیڤییەکان بگرێتەوە، چونکە ئەگەر کەسانێک لە تیکتۆک و تۆڕەکانی دیکە بۆ کات بەسەربردن و کۆمیدیا هەندێک دەستەواژە بەکاربهێنن، بەڵام کەسانێکی بەتەمەن کە ماوەی ساڵانێکە لە کایەی سیاسیدان، لەو پرۆگرامانەدا کۆمەڵێک وشە و ڕستە ڕیز دەکەن کە نەک تەنها دوورە لە ئادابی گشتیی، بەڵکو ناکۆکی و ململانێی تائیفی و ڕەگەزپەرستیی دروست دەکەن

بەشێکی دیکەش لە پاڵ ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، خەڵکیش تۆمەتبار دەکەن، چونکەهەر خەڵکە ئەو کەسانە و هاوشێوەکانیان بە فۆڵۆوکردن و ڵایککردنی بابەتەکانیان گەورەدەکەن و هەژمارەکانیان ئەکتیڤ دەکەن، لە دواییشدا هەر هەمان ئەو کەسانە پشتیوانی ئەو هەڵمەتانە دەکەن کە دژ بەو کەسانە بەڕێوەدەچیت

هەرچەندە ئەمە شتێک نییە تایبەت بێت بە عێراق و وڵاتانی عەرەبی، بەڵکو لە جیهاندا خەڵکانێک بەبێ بوونی هیچ بەهرە و تایبەتمەندییەک کە بتوانێت سوود بە بەرامبەرەکەی بگەیەنێت، بوونەتە خاوەنی ملیۆنان فۆڵۆوەرز، کەسانێکیش کە بەهۆی داهێنانە زانستییەکانیانەوە بونەتە براوەی خەڵاتی هاوشێوەی نۆبڵ، جگە لە خێزانەکەی خۆی و چەند هەزار کەسێک لەسەرانسەری جیهان، کەس نایانناسێت

 

ئامادەکردنی؛ کارۆخ کامەران ڕەسوڵ




ڕیکلام