"ئیفلیجبوونی حەشد" كۆتا توێژینەوەی هاشمی بەر لە تیرۆركردنی

  2020-07-07  | 
هیشام هاشمی پسپۆڕی ئەمنی عێراقی دوێنێ لە بەغدا تیرۆر کرا
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوا توێژینەوەی هیشام هاشمی پسپۆڕی ئەمنی عێراقی، كە چەند ڕۆژێك بەر لە تیرۆركردنی بڵاویكردووەتەوە، باسی لە ناكۆییەكانی ناو دەستەی حەشدی شەعبی كردووە .

ماڵپەڕی حوڕەی ئەمریكا، ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، توێژینەوە نوێیەكەی هاشمی تایبەتە بە تۆماری هەڵسوكەوتی میلیشیا چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و پرسیاری زۆری وروژاندووە سەبارەت بە سەرچاوەی كۆمەكی ئەو گروپانە و ئەو كێشانەی كە هەیانە .

توێژینەوەكە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەو ڕوبەڕبوونەوەیە، كە ناكۆكییەكی قوڵی درەستکردووە، لە نێوان دوو ڕەوتی دابەشبوو لەڕووی فیقهییەوە لە ناو خودی حەشدی شەعبیدا، یەكەمیان بە سەرۆكایەتی ئەبو مەهدی موهەندیس، كە خۆی پابەند دەكات بە عەلی خامنەئی رابەری باڵای ئێران، لە كاتێكدا ڕەوتی دووەم كە زۆربەی گروپەكانی پەیوەست بە شوێنە پیرۆزەكانی عێراق لە خۆ دەگرێت، پابەندی خۆیان بە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق دەردەبڕن .

توێژینەوەكە لەژێر ناوی " ناكۆكیی ناوخۆیی لە دەستەی حەشدی شەعبی"دا كە لە لایەن سەنتەری پێكهێنانی توێژینەوە نێودەوڵەتی و ستراتیژییەكانەوە بلاوكراوەتەوە، لە رۆژی یەكی تەموزی 2020دا، بە واتای پێنج ڕۆژ بەر لە تیرۆركردنی .

توێژینەوەكە ئاماژە دەكات بە "بوونی ململانێیەكی گەورە، كە رۆژلە دوای ڕۆژ قەبارەكەی گەورە دەبێت، لە نێوان (فیرقەی عەباسی جەنگی ) سەر بە ناوەندی پیرۆزی عەباسیە، كە عەلی سیستانی بە مەرجەعی فیكری و بیروباوەڕی خۆی دەزانێت، لەگەڵ دەستەی سەرەكی بە دیاریكراویش لەگەڵ سەركردایەتی وەلائی لە حەشد ".

ئاماژەی بەوەشكردووە، بازنەی ناكۆكییەكان لە مانگی شوباتی 2018وە  لە نێوان هەردوولادا فراوان بووە، بەشێوەیەك پێشتر ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری ئەو كاتەی حەشد، زنجیرەیەك بڕیاری توندوتیژی  دەركردووە بۆ بەرتەسككردنەوەی بواری دارایی و ئیداری لە دژی ئەو گروپانەی سەر بە شوێنە پیرۆزەكان و سیستانین .

توێژینەوەكە لە زاری دوو سەركردەی نزیك لە سیستانییەوە ئاماژەی بەوەكردووە، گومانیان هەیە لە كۆمەككردنی ئەو جەنگاوەرانەی كە لە سوریاوە هاتوون، وەک ئاماژەیەك بۆ بزوتنەوەی نوجەبا و كەتیبەكانی حزبوڵا و بەدر و خوراسانی، كە ماوەی چەند ساڵێكە بە كۆمەكی ئێران بە پشتیوانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ناوچەكانی سوریا دەجەنگن و دارایی حەشدی شەعبی عێراق بەكار دەهێنن بۆ ئەو گروپانە .

توێژینەوەكە بە ڕاشكاوی ئاماژەی كردووە بەوەی، ئەو گروپانە نوێنەرایەتی هەژموونی ئێران دەكەن لە عێراقدا لە ڕووی سەربازییەوە .

توێژینەوەكەی هاشمی پێشبینی كردووە ئەو ناكۆكی و بەریەككەوتنی بەرژەوەندییانەی ناوخۆیی حەشد و زیادبوونی ڕێژەی پۆستەكانی حەشدی وەلائی، ببێتە هۆی ئیفلیجبوونی حەشدی شەعبی .

توێژینەوەكە ئاماژەی كردووە بەوەی "ئەبو فەدەك عەبدولعەزیز مەحمەداوی" فەرماندەی كەتبەكانی حزبوڵای عێراقی، بووەتە بەربەست لەبەردەم چارەسەركردنی ناكۆییەكان لە ناوخۆیی حەشدی شەعبیدا .

لە كۆتایی توێژینەوەكەدا هاشمی ئاماژەی بەوەكردووە "پێكهاتەی ئێستای دەستەی حەشدی شەعبی بە هیچ شێوەیەك ناگونجێت لەگەڵ سیستمە سیاسییەكەدا، ئەوانەی دژی پەیكەری حەشدن لە ئەمڕۆدا، زۆر زیاترن لەوانەی كە پێشتر بنیاتیان ناوە ".

داواشیكردووە بە دانانی پێوەری دیاریكراو و ئاشكرا بۆ پۆستەكانی حەشدی شەعبی و پەنابردن بۆ بەكارهێنانی یاسای سەربازی لە دژی یاخیبوون و چالاككردنی ڕۆڵی یاسا و ئاسایش و پشكنەری حەشد، بۆ داخستنی ئەو نوسینگە ئابوریانەیان و سزادانی سەۆپێچیكاران و ڕێگرتن لە كاری سیاسی و حزبی .

شەوی رابردوو دوای دیدارێكی تەلەفزیۆنی كە ڕەخنەی گرتبوو لە میلیشیا چەكدارەكانی ناو عێراق، هیشام هاشمی لەلایەن چەند چەكدارێكەوە لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە بەغدا تیرۆر كرا .



ڕیکلام