عەدنان خەیروڵا ئەو پیاوەی عێراقی بۆ سەدام بەڕێوە دەبرد

  2023-02-20  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان

خاڵۆزای سەدام و پیاوێکی سەربازی بەهێز
پاڵەوانی جەنگی ئێران و دژبەری داگیرکردنی کوەیت بوو
تاکە کەس بوو بە دڵسۆزی سوپای عێراق دەناسرا
لای خەڵکیش وەک کەسێکی خۆشەویست سەیردەکرا
پشتیوانی دۆستایەتی بوو لەگەڵ وڵاتانی کەنداو
ئەمانە وایانکرد، سەدام وەک ڕکابەری خۆی سەیری بکات

فەریق ئەوەل روکن عەدنان خەیروڵا تلفاح

عەدنان خەیروڵا لە شاری تکریت و لە ڕۆژی ٢٣ی سێپتەمبەری ساڵی ١٩٤٠ لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە بەغداد تەواوکردووە، پاشان لە ساڵی ١٩٥٨ چووەتە کۆلێژی سەربازی و ساڵی ١٩٦١ ئەو قۆناغەی بە سەرکەوتووی کۆتایی پێهێناوە

خەیروڵا بەهۆی ئەو حەزەی لە بواری سەربازی هەیبوو، لە خوێندنی ئەکادیمیی سەربازی بەردەوامبوو، توانی چەند بڕوانامەیەکی دیکە بەدەستبهێنێت، وەک ماستەر لە زانستی سەربازیی، بەکالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی، هەروەها بەکالۆریۆس لە یاسا و زانستە سیاسییەکان

لەناو بواری سەربازیدا، عەدنان تایبەتمەندی لە یەکەی زرێپۆشدا ھەبوو

عەدنان خەیروڵا خاڵۆزای سەدام حسێن و برای ساجدەی خێزانی سەدام بوو، ئەمە ھاوکاربوو تا هاوتەریب لەگەڵ بەرەوپێشچوون لە بواری سەربازی، لە بواری سیاسیشدا پێشکەوێت

ھاوسەرگیری لەگەڵ کچی گەورەی سەرۆکی پێشووی عێراق ئەحمەد حەسەن بەکر کردووە

لەپاڵ سەدام حسێندا، بەشداری لە کودەتای ٨ی شوباتی ساڵی ١٩٦٣ کردووە بە سەرۆکایەتی حزبی بەعس

ھەروەھا یەکێک بووە لە ئەنجامدەرانی کودەتای ١٧ی تەمووزی ١٩٦٨ 

لە پێش و پاش  وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن حزبی بەعس، بەھۆی ئەوەی لە زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق خزمەتیی سەربازی کردبوو، توانیبووی بنکەیەکی جەماوەری گەورە کۆبکاتەوە و پەیوەندیی توندی لەگەڵ سەرجەم یەکەکانی سوپای و دانیشتوانی عێراق ھەبێت

بەهۆی ئەم پەیوەندیانەوە، زۆرکات هەوڵیدەدا سەدام ڕازی بکات بە لێبووردن لەو بەرپرسە سەربازیانەی کە فەرمانی لەسێدارەدانیان هەبوو، چونکە خەیروڵا دەیوت "کەسی سەربازیی ئەگەر خاوەن پەروەردە و مەشقێکی پتەوبوبێت، ئەوا هەرگیز خیانەت ناکات، ئەگەر خیانەتی کرد، ئەوا بزانە کێشەیەک لە پەروەردە سەربازییەکەدا هەیە"

ساڵی ١٩٧٧بە ئەندامی ئەنجومەنی نیشتیمانیی شۆڕش و سەرکردایەتی ئەنجومەنی ناوەندی حزبی بەعس هەڵبژێردرا، لە هەمان ساڵدا وەک وەزیری بەرگری دیاریکرا


ساڵی ١٩٧٩ کاتێک سەدام حسێن دەسەڵاتی یەکەمی وڵاتی وەرگرت، عەدنان کرایە جێگری سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان

پەیوەندی لەگەڵ سەدامدا بەهێزبوو، چونکە سەدام لە ماڵی خەیروڵا تلفاحی خاڵی گەورەبوو و پێگەیشت


لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئێران-عێراق ڕۆڵی گەورەی بینی لە سەرکردایەتیکردنی سوپای عێراق، سەرپەرشتیاری یەکەم و داڕێژەری پلانی جەنگ بوو لە یەکەم ڕۆژی جەنگەوە تا کۆتا ڕۆژی جەنگ لە ٨ی ئۆگەستی ١٩٨٨

خەیروڵا کەسێکی سەربازیی ئەکادیمی بوو، نەیاری ئەو کەسانە بوو کە بەبێ بوونی شارەزایی پێشوەخت و لەپڕێکدا پلەی سەربازیان پێدەدرا

دژی دەستوەردانی حسێن کامل بوو لە کاروباری سەربازی و ئەفسەرانی سوپا

حسێن کامل کە زاوای سەدام حسێن بوو، ئەو پێگەیەی خۆی قۆستبووەوە و بەکاریدەهێنا تاکوو هەنگاو بە ھەنگاو سوپا لە دەستی عەدنان خەیروڵا دەربهێنێت و بیخاتە ژێر رکێفی خۆی، فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەیان ئەفسەری نزیک لە عەدنان خەیروڵا دەرکرد

کار گەیشتە ئەوەی، خەیروڵا بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بە سەدام حسێن بکات، چونکە هیچی پێنەدەکرا بەرامبەر حسێن کامل

دوو ساڵ پێش داگیرکردنی کوەیت، ئەوکاتەی هێشتا ئەو پرۆسەیە هێشتا بە تەواوی پلانی بۆ دانەڕێژرابوو، خەیروڵا دژی وەستا، چونکە ئەو کە کەسێکی ئەکادیمی سەربازی و سیاسی بوو، ئەنجامەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنەی لێ دیار بوو، بەڵام حسێن کامل، ھەمیشە ھانی سەدامی دەدا بۆ داگیرکردنی کوەیت و سوپای عێراقی وەک سوپایەکی نەبەزیو وێنا دەکرد

گەیشتە رادەیەک کە خەیروڵا ، حسێن کامل بە منداڵێکی سەرەڕۆ ناوببات کە بەرپرسیارێتیەکی گەورەتر لە ئاستی خۆی پێدراوە و نازانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات

لە دۆخێکی تەم و مژاویدا،  ڕۆژی ٥ی ئایاری ١٩٨٩ عەدنان خەیروڵا بە ھەلیکۆپتەرەکەی لەنێوان قەزای بێجی و شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەدین، توشی رووداوێک دەبێت و بەوھۆیەوە گیانلەدەستدەدات


دوو سیناریۆ بۆ رووداوەکە ھەبوو و پەنجەی تۆمەت بۆ دوو کەس درێژدەکرا

یەکەمیان سەدام حسێن، چونکە پێی وابوو فراوانبوونی پێگەی جەماوەری عەدنان خەیروڵا لە بەرژوەنی ئەو نییە، بە تایبەت لە کاتێکدا میدیای رۆژئاوا گرنگی زۆری بە خەیروڵا دەدا و بە سەرۆکی داهاتووی عێراق لە ئەگەری کەوتنی سەدام ناویان دەبرد

لە سیناریۆی دووەمیشدا، پەنجەی تۆمەت ئاراستەی حسێن کامل دەکرێت، چونکە دەیزانی تاکە رێگا تاکو لێیەوە کۆنترۆڵی سوپا بکات و ببێتە کەسی یەکەمی سەربازیی وڵات، لەناوبردنی عەدنان خەیروڵایە.

هەرکام لە سیناریۆکان ڕاست بن، ئەو وتەیە دەسەلمێنن، کە لە عێراقدا ئەوانەی جێیان نابێتەوە کەسانی ئەکادیمی و شارەزان، ئەو کەسانەن کە بە رەنج و ماندووبون دەگەن بە پلەیەک، ئەوانەی دیکەش کە بەھۆی بەرژەوەندی و پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە دەبنە خاوەنی پلەیەکی بەرزتر لە خۆیان، لە چاوتروکانێکدا دەکرێت بە جۆرێک لە دەستی بدەن، کە هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەھاتبێت


ڕیکلام