هاوڵاتیەکی هەولێر دەڵێت: دژەتیرۆری پارتی بتڵیان بە کوڕەکەم هەڵگرتووە

  2023-03-02  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوڵاتیەکی شاری هەولێر لەبردەم دادگای هەولێر زانیاری مەترسیداری لەسەر کوڕە دەستگیرکراوەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، لەلایەن دژەتیرۆری پارتیەوە بەشێوەیەکی مەترسیدار ئەشگەنجە دراوە و "بتڵیان پێهەڵگرتووە و گونیان قۆڕکردوە"

محەمەد ناوی ئەو کوڕەیە کە لەلایەن دژە تیرۆری پارتیەوە بە توندترین و مەترسیدارترین شێوە ئەشگەنجە دراوە، باوکی ئەمڕۆ هاتە بەردەم دادگای هەولێر و لەبەردەم کەناڵەکانی راگەیاندن راستییەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، سێ شەوو سێ رۆژ کوڕەکەمیان لە دژەتیرۆری پارتی ئەشکەنجەیانداوە، کارەبایان لێداوە، گونیان قۆڕکردووە، بتڵی پیپسیان پێهەڵگرتووە، شانیان لەژێر ئەشکەنجەدا دەرکردووە.

باوکی محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، کوڕەکەمیان بە (٢ ساڵ و شەش) مانگ حوکمداوە، بە تۆمەتی ئەوەی گومانیان لێی هەبووە بچێتە ناو داعش، وەڵاهی "بەحەیاتی کوڕی من نوێژی نەکردووە من خۆشم ناچمە مزگەوت ئێمە هەر مارکسین".

براکەی محەمەد هاتە پێش مایکەکانی کەناڵەکانی راگەیاندن و وتی،  منداڵێکی ١٩ ساڵ، سێ شەو و سێ رۆژ تەعزیبی بدەیت، کارەبای لێبدەیت، بتڵی پێھەبگریت، شانی دەربکەیت، ئێ چۆن ناڵێت ئەبوبەکر بەغدادیم.؟

باوکی حمەمەد چیرپکی رپژی دەستگیرکردنی کوڕەکەی باسکرد وئاماژەی بەوەکرد،  ئەوان یەک مریشکیان پێ بووە چوونە بۆ سەیرانگای مەلەکیان، دواتر بەڕێوەبەری ئاساییشی تۆپزاوا تەلەفۆنی کرد ووتی کوڕەکەتم بۆ بێنە بۆ شایەتی لەوێوە رادەستی دژە تیرۆریان کردووەو ئاوایان لێکردوون و ئەمڕۆش دادوەر بە (٢ ساڵ و شەش مانگ) زیندانی سزای داون، پارێزەری دەستگیرکراوان کە هاوکات باوکی یەکێک لەو حەوت گەنجەیە کە سزادراون، بڕیارەکەی دادگای هەولێر بە ناعەدالەتی ناودەبات و دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نەبوو، بەڵام دادوەر لەسەر بنەمای ئەوەی ویستوویانە بچنە ناو داعش بڕیاری لەسەر داون.

دوای ئاشکردنی ئەو دۆسییە مەترسیدارە لە لایەن کەسوکاری محەمەدەوە، تا ئێستا رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، دەستەی مافی مرۆڤ، لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان، بێدەنگن لە ئاست ئەو قسانە، کە چۆن دەبێت دەستگیرکراو بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت


ڕیکلام