بافڵ تاڵەبانی چی بە مەسرور بارزانی و لاهور جەنگی وت

  2023-03-03  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان

بۆچی هەنگاویان دژ بە پارتی نییە
 کێشەی قوباد تاڵەبانی، حکومەت و سەرۆکەکەی چییە؟
کێن ئەوانەی بوونەتە هۆکاری قەیران و کێشەکان؟


دوێنێ، بافڵ جەلال تاڵەبانی بەشداری کۆڕبەندی هەولێری کرد و بۆ ماوەی کاتژمێرێک قسەی لەسەر دۆخی هەرێم و پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کرد
لەگەڵ دەستپێکی قسەکانیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی کە کێشەی هەموو کوردسان حیزبەکانە، لەبارەی کێشەکانیان لەگەڵ پارتی وتی کە کێشەی زۆر بچوکن، ئێمە هەمیشە دەرگامان کراوەبووە بۆ گفتوگۆە، ئەوە ئێمە بووین کە بەردەوام دەستپێشخەری دەکەین

وتیشی کە بۆچوونێک هەیە دەڵێت یەکێتی ئەم دۆخەی پێخۆشە، بەڵام بە پێچەوانەوە، یەکێتی زۆری پێناخۆش و میللەت زەرەر دەکات
سەرۆکی یەکێتی وتی کە ئەوە خەڵکی ئێمەیە موچەیان پێنادرێت و دەرمان بۆ نەخۆشخانەکانمان رەوانە ناکرێت و هێزەکانمان موچەیان دەبڕدرێت
بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی ئادەی تا ئێستا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چی کرووە بەرامبەر هەموو ئەمانە؟
لە سنووری ئێمە هێز درووستدەکرێت و هێز بەرامبەر جێگری سەرۆکی حکومەت دەجوڵێندرێت، وەڵامی ئێمە چی بوو؟
هەتا وتیشی کە دەستێوەردان لەناوخۆی یەکێتی و ناوماڵی خۆشیدا دەکرێت، بەڵام ئێمە هیچمان نەکردووە
بەڵام هەموو وەڵامی ئێمە ئەوە بووە کە وتومانە ئەم دۆخە بەم شێوەیە باش نییە
نابێت ئاوها بەردەوام بێت

لەبارەی کێشەکانی نێوان یەکێتی وپارتی، سەرۆکی یەکێتی وتی ئەگەر ئیرادە هەبێت بە پێنج خولەک چارەسەر دەکرێت
وتیشی کە ئاساییە دوو حیزب ململانێیان هەبێت، بەڵام کاتێک دامەزراوە حکومییەکان بۆ شکاندنی لایەنێکی دیکە بەکاردەهێندرێت، ئەمە ململانێکان دەباتە قۆناغێکی نادرووست
وتی کە دوای هەموو کۆبوونەوەیەکی یەکێتی و پارتی، سێر دەکەی ئەوان بەزمێکی نوێ درووستدەکەن و شتەکان خراپ دەکەنەوە
لەبارەی هەڵبژاردن، بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی بەپێی ئەو شتانەی کە دەیبیستمەوە و پارتی دەیەوێت بیکات لە هەڵبژاردندا، لەوانەیە هەڵبژاردن هەر نەکرێت
وتیشی کە یەکێتی پیێخۆشە هەڵبژاردن بکرێت و دەست پێشخەربوو لەو رووەوە و ئامادەین، پێشنیازمان کردووە لەسەر هەڵبژاردن رێبکەوین چونکە دەمانەوێت هەڵبژاردن بکەینە دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
وتیشی ئەگەر بە رۆحی برایەتی رێبکەوین و گەمەی منداڵانە بەرامبەر یەک نەکەین، ئەوا گەشبین دەبین بەرامبەر هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی
لەبارەی کۆتاکان، وتی با پێکهاتەکان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن نەک حیزبی دیکە
پارتی لە بەغدا داوای یاسایەکی تایبەت بۆ پێکهاتەکان دەکات، بەڵام لێرە شتێکی تر دەڵێت، کێشە چییە با کار بە هەمان یاسا بکرێت

لەبارەی قوباد تاڵەبانی و کێشەکانی لەگەڵ حکومەت، سەرۆکی یەکێتی وتی 
کە لە شەڕی داعشدا، قوباد دژی حیزبەکەی خۆی وەستاوەتەوە، شەڕی ئامۆزاکەی خۆی کرد بۆ ئەم حکومەتە، ئەو نەگبەتییەکەی بۆمایەوە، بەڵام بۆ ئێستا ئامادە نییە بچێتە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت؟
هۆکار چییە یەکێک تەلەفونی بۆ ناکات و پرسیاری لێبکات؟
یەکێک چایەکی لەگەڵ بخوات و پرسیاری لێبکات بۆ ئامادەی کۆبوونەوە نابێت، ئەو کاتە هەموو شت چارەسەردەبێت
لە درێژەی قسەکاندا، بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی کە مام جەلال بە مەسعود بارزانی وتووە با هەولێر وەک سلێمانی لێبکەین، بەڵام، ئێستا پێچەوانەیە، هەولێر خەریکە خەڵک دەنرێتە سەر مانگ و سلێمانی هەر وەک خۆیەتی؟
بافڵ تاڵەبانی پرسیار دەکات و دەڵێت ئەمە چی دادپەروەرییەکە؟ حکومەت چۆن وا دەبێت؟
وتیشی کە حکومەت نایەتە سلێمانی، ئەوان هەنگاوێک بێنە پێش ئێمە سێ هەنگاو دەچینە پێش، بەڵام ئەوان خۆیان نایەن و عەزێتمان دەدەن، بەو شێوەیە کەس دانی پێدانانێت.
لەبارەی لاهور جەنگی، سەرۆکی یەکێتی وتی ئاگام لە پەیامی کاک لاهور نییە، ئازادە چی دەکات با بیکات، ئێمە باوەڕمان ئازادییە لە زۆنەکەمان، با حیزبی خۆی درووستبکات و ئازادە.
دۆسیەی نەوت و غاز بابەتێکی دیکەی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی بوو.

لەو بارەیەوە وتی کە بەسڕە هەزار هێندەی هەرێم نەوتی هەیە، پێمان دەڵێن وەرن لەمەش هاوبەش بن، بەڵام دەڵێین نەخێر نامانەوێت، حکومەتی ئێمە بڕە کەمەکەی دەوێت
لەسەر دەستێوەردان لە کاروباری وەزیرەکان، سەرۆکی یەکێتی وتی کە چومەتە بەغدا و پرسیارم لە وەزیرەکانمان کردووە کە چەند جار سودانی دەستێوەردانی لە کارەکانیان کردووە، لە وەڵامدا وتوویانە سفر
بەڵام، لێرە ناوێرم ئەو پرسیارە بکەم، ئەوەی لە بەغدایە حکومەتە
لەبارەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە، بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی کە لە ماوەی ساڵێکدا دژەتیرۆری ئێمە ٤٣٢ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی دژ بە داعش ئەنجامداوە، لە بەرامبەردا هەموو هێزەکانی دیکەی کوردستان ٣٠ بۆ ٤٠ ئۆپەراسیۆنیان هەبووە، بە چی حەقێک مووچەی ئەو هێزە دەبڕدرێت؟، بە چی حەقێک موچەی قارەمانەکانی کوردستان دەبڕدرێت؟
ئایا بەم شێوەیە پێشمەرگە یەکدەگرێتەوە؟
لەبارەی وڵاتانی ئەوروپا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێم وتی، ئەوان پێمان پێدەکەنن، تاقەتیان لێمانچووە و دەڵێن ٣٠ ساڵە لەگەڵتان خەریکین.
هەرێمی کوردستان لە هەموو شتێکدا پاشەکشەی کردووە.
لە مافی مرۆڤدا ئەگەر قسەی کەسێکت بە دڵ نەبێت دەستگیری دەکەیت و بە تیرۆرست دەیناسێنیت، لەمە و هەموو شتێکی دیکەدا پاشەکشەمان کردووە
لەبارەی دۆسیەی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف وتی، ئەو لە ئێمە رۆشت، شەهیدی ئێمەیە، یەکێتی چی سوودێکی لە شەهیدکردنی ئەو بینییوە
هەتا وتیشی کە بینیم لەسەر تەلەڤزیۆن قارەمانەکانی کوردستان دادگاییکران
چۆن شتی وادەبێت، ئەی دادگا بۆچی کراوە؟
هەتا سوێندی خوارد کە هیچ کەسێکی خۆی رادەستی دادگایەک ناکات کە متمانەی پێنەبێت
وتیشی لە بەغدا هیچ ھێز و حیزبێک بەسەر دادگادا زاڵ نییە، و هیچ کەس و لایەنێک ناتوانن دەستێوەردان لەکارەکانیدا بکەن، بەڵام لێرە وا نییە
سەرۆکی یەکێتی، لە کۆڕبەندەکەدا هەموو شتێکی ئاشکرا کرد و ئەوەی لەژێڕ بەڕەبوو خستییە سەر بەڕە
هەنگاو و هەڵوێستە راستییەکانی یەکێتی ئاشکرا کردووە و وەک باس دەکرێت، هەندێک لایەنی زویر کردووە


ڕیکلام