فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریكا: كازمی بە كێڵگەی میندا دەڕوات

  2020-07-08  | 
ژەنەڕاڵ كینیس ماكینزی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریكا
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژەنەڕاڵ كینیس ماكینزی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی حكومەتی عێراق دەربڕی، لە ڕوبەڕوبوونەوەی گروپەكانی نزیك لە ئێران .

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری ماكینزییەوە بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی بە كێڵگەی میندا ڕێدەكات، بۆیە پێویستە لەسەریان هاوكاریی بكەن .

ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای دیدارێكی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی عێراقی پێی راگەیاندووە، تا ئێستاش بە دوای چارەسەرێكی گونجاودا دەگەڕێت، ئەوەش بە مانای ئەوەیە بەم نزیكانە دەگەنە چارەسەرێك كەمتر لە چارەسەری نموونەیی، ئەوەش دۆخێكی نوێ نییە بۆ عێراقن بەڵام كاتێك سەیری كارەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات خۆشحاڵە و دۆخەكەی پێ ئەرێنییە .

فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریكا دەربارەی هەڵكوتانەكانی ئەم دوایی دەزگای دژەتیرۆری عێراق رٍایگەیاندووە، گورزێكی كاریگەرە لە دژی ئەو میلیشیا چەكدارانە، بەڵام ئاماژەیەكیشە بۆ ئەو بەربەستە گەورانەی كە ڕوبەڕوی سەرۆكی حكومەتی عێراق دەبێتەوە، كە دەیەوێت سنورێك بۆ هەژموونی ئێران دابینێت لە عێراقدا .

دەربارەی مانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەشی لە عێراق، ماكینزی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، سەرباری ئەوەی چەندین جار داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كراوە، بەڵام متمانەی هەیە بەوەی حكومەتی عێراق داوای مانەوەی ئەو هێزانە دەكات لەو وڵاتەدا .

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە، سەرباری ئەوەی واشنتۆن وبەغدا چەختیان لەوە كردووەتەوە كە هێزەكانی ئەمریكا بە نیاز نییە بنكەی هەمیشەیی هەبێت لە عێراقدا، بەڵام لێپرسراوە باڵاكانی ئەمریكا جەختیانكردووەتەوە لەوەی مانەوەی بەشێك لە هێزەكانیان لە عێراق گرنگە، لە پێناو دژایەتیكردنی مەترسی ڕێكخراوی داعش لە عێراق .

لە ئێستادا زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی ئەمریكا لە عێراقدا بوونیان هەیە، واشنتۆن لە بنەڕەتەوە پێی وایە بوونی هێزەكانیان لە عێراق پێویستە، ئەویش بۆ بەرپەرچدانەوەی هەژموونی ئێران لەناوخۆیی ئەو وڵاتە، بەڵام تا ئێستا هێزەكانی ئەمریكا دەیان جار لەلایەن ملیشیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە كراونەتە ئامانج و بە موشەك هێرشیان كراوەتە سەر .



ڕیکلام