بانکی ناوەندی: دەبێت نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ هاووڵاتیان سەقامگیر بكرێت

  2023-03-04  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بانکی ناوەندی ڕایگەیاند، ئەمساڵ عێراق شایەتی پێشکەوتنێکی بەرچاو و سەرنجڕاکێش و بەرجەستە دەبێت بۆ کەرتی بانکی و جەختیشدەكاتەوە لە بەرەوپێشچوونی بەکارهێنانی ئامێری کاش و کەمکردنەوەی پارەی کاش و ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ هاووڵاتیان سەقامگیر بكرێت.

عەمار حەمد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی لە وتەیەكدا ڕایگەیاند، کەرتی بانکی شاهیدی چاکسازی ڕوونە، کە بە فشاری گواستنەوەی دەرەکی دەستی پێکردووە و وتیشی، "ئێمە بەردەوامین لە چاکسازی لە هەموو ئاستەکاندا، چاکسازیش لە پارەدانی ئەلیکترۆنیدا هەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، " دەوڵەت بەشێوەیەکی گشتی ئاڕاستەی بەکارهێنانی ئامێری کاش دەکات و لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی کەرتی بانکیدا، کە بەدەست هەندێک کێشەی کۆنەوە دەناڵێنێت، بۆ ئەوەش بەکارهێنانی کاش کەم دەکاتەوە و ئامێری كاش دەخاتە بەردەست.

دەشڵێت، "بانکی ناوەندی بەردەوامە لە پڕۆسەی چاکسازی لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی، کە ڕووبەڕووی بانکە حکومی و ئەهلییەکان دەبنەوە، کە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی کەرتی بانکی".

جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی جەختیشی كردۆتەوە، بانکی ناوەندی کار لەسەر ئاسانکارییەکانی دارایی بازرگانان و گواستنەوەی بازرگانی دەرەکی کردووە و پابەندبوونێکی ڕوونی هەیە بۆ یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دەشڵێت: “لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی بانکی ناوەندیدا ڕێوشوێنی فراوان هەیە و پرسی نرخی ئاڵوگۆڕ، کە پەیوەندی بە هەموو هاووڵاتیانەوە هەیە، بۆیە سەقامگیرییەکەی لە ئەستۆی هەموو لایەکدایە”.