کێ سەری داونتاونەکەی سلێمانی دەخوات

  2023-03-05  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان

شارەوانی سلێمانی یەک هەفتەی داوەتە کۆمپانیای هیوا رەئوف
یان دەستدەکات بە جێبەجێکردنی یاخود پڕۆژەکەی لێ وەردەگیردرێتەوە
سەرەتا،  نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوبەر بوو کاتێک زەوی سایلۆی کۆنی سلێمانی درایە کۆمپانیای هیوا رەئوف بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک
کۆمپانیاکە لە زیادکردنێکدا زەوییەکەی بۆ دەرچوو
بەڵام دوای ١٠ ساڵ، بەدەر لە راکێشانی سیاجێک هیچی دیکەی نەکردووە
زەویەکە دەکەوێتە نزیک باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی و بەرامبەر دادگای سلێمانی
رووبەرەکەی ٢٧ دۆنمە و ئەوکات لە نێوان ١٤ کۆمپانیای جیاوازدا بۆ کۆمپانیای هیوا رەئوف دەرچوو
بۆ وەرگرتنی زەویەکە، دەبوو کۆمپانیای هیوا رەئوف سێ مەرج جێبەجێ بکات
مەرجی یەکەم بریتی بوو لەوەی دەبێت کۆمپانیاکە بۆمەڵگەی باڵەخانەکانی بازرگانی و پیشەسازی بنیات بنێت، کە لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەم مەرجەی جێبەجێکرد و تێچووەکەی سێ ملیار دینار بوو
مەرجی دووەم بریتی بوو لە درووستکردنی سایلۆی شارەزور لە شانەدەر کە توانای عەمبارکردنی ٤٠ هەزار تۆن گەنمی ھەبوو
هیوا رەئوف لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەم مەرجەی جێبەجێکرد و تێچووی سایلۆ نوێیەکە بە زیاتر لە ١٥ ملیار دینار خەمڵێندرا.
مەرجی سێیەم دیاریکردنی پێکهاتەی پڕۆژە نوێیەکەی سەر سایلۆی سلێمانی بوو
 کە دبوو کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری و بازرگانی و نیشتەجێبوون لەخۆبگرێت
ماستەرپلانی پڕۆژەکە چۆنە؟
بەڵام لێرەوە مەرجی سێیەم کێشەی بۆ درووستبوو نەگەیشتە ئەنجام
لە ساڵی ٢٠١٦دا، زەویەکە بە فەرمی رادەستی کۆمپانیای هیوا رەئوف کرا و
لە سەرەتای شوباتی ٢٠١٨دا، سایلۆی کۆنی سلێمانی بە سەرپەرشتی دوو کۆمپانیای بیانی تەقێندرایەوە 
دەبوو لێرەوە کۆمپانیای ھیوا رەئوف دەستبکات بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەی داون تاونی سلێمان
لە ماستەرپلانی پڕۆژەکەدا، پلانی پڕۆژەیەکی سەرنجڕاکێش دانرابوو
کە هەشت باڵەخانەی نیشتەجێبوون 
و ناوەندێکی بازاڕکردن و دوو ھۆتێل و دوو باخچەی لەخۆدەگرت
ئەمە پێنج ساڵ لەمەوبەر بوو
بەڵام لەو کاتەوە، تەنها سیاجێک بەدەوری پڕۆژەکەدا راکێشراوە و هیچ کارێکی وەهای تێدا نەکراوە
چەند ساڵێکە ئەم زەوییە سیمایەکی ناشرینی داوە بە دەروازی شاری سلێمانی و بلۆکێکی تێدا دانەنراوە
کۆمپانیاکە دەڵێت چی؟
دوای پێنج ساڵ، تاکە بەھانەی کۆمپانیای ھیوا رەئوف بوونی ئاشێک بوو لە سنووری زەوییەکەیدا
وەک خۆیان لە ماوەی رابردوودا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، ئەو ئاشە کێشەی بۆ درووستکردوون
بەڵام، بە پێی بەدواداچوونەکان ئەو ئاشە تەنھا وەک بیانوویەک بەکاردەھێندرێت بۆ دەستنەکردن بە ئەنجامدانی پڕۆژەکە
چونکە ناکەوێتە سنوورەکانی ناوەوەی زەویەکە و دەکرێت کاری تێدا بکرێت
بەڵام بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، وەبەرهێنانی سلێمانی زەویەکی دیکەی داوەتەوە کۆمپانیای سەفین کە خاوەنی ئاشەکەیە
زەویەکە دەکەوێتە گەڕەکی تاسڵوجە و وەک قەرەبوو دراوەتە کۆمپانیاکە
لە راستیدا، وا دەبینرێت کە دوای جێبەجێکردنی مەرجەکانی وەرگرتنی زەویەکە کە ئەوانیش دروستکردنی سایلۆکەی شارەزور و کۆمەڵگەی باڵەخانەکانی بازرگانی و پیشەسازی
کە تێچووی هەردووکیان زیاتر بووە لە ١٨ ملیار دینار
کۆمپانیای هیوا رەئوف کێشەی دارایی بۆ درووستبووبێت
بە تایبەتیش لە دوای قەیرانە داراییەکانی ساڵانی رابردووی هەرێمی کوردستان
کۆمپانیای هیوا رەئوف، لە سەرەتای وەرگرتنی زەویەکە تا تەقاندنەوەی سایلۆکە شەش ساڵی پێویست بوو
لەو کاتەشەوە تا ئێستا پێنج ساڵ تێپەڕیوە
واتە، ماوەی ١١ ساڵی رەبەقە زەویەکە دراوە بە کۆمپانیاکە بەڵام هیچ کارێکی تێدا نەکراوە

لە کۆتاییدا هات، یان دەستپێبکەن یان لێتان دەسەنینەەوە
دوای ١١ ساڵ، ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بڕیاریدا دیاریکردنی ماوەی یەک هەفتە بۆ دەستکردن بە کارەکانی پڕۆژەکە
دەبێت لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا کۆمپانیای هیوا رەئوف دەستبەکارەکانی بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەی کە یەکێک لە بە بەھاترین زەوییەکانی سلێمانی بۆ پێدراوە
ئەگەریش دەستپێنەکات، ئەوا زەوییەکەی لێ دەسەندرێتەوە و دەدرێتە کۆمپانیایەکی دیکە
ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی دەڵێت کە دەبێت کۆمپانیاکە لەماوەی هەفتەیەکدا دەستبکات بە راکێشانی بۆری ئاوی پڕۆژەکە، ئەویش وەک یەکەم هەنگاو
دەستپێنەکردنیش، وەرگرتنەوەی زەوییەکەی لێدەکەوێتەوە بەبێ قەرەبووکردنەوە
دەبوو ئەم پڕۆژەیە دەروازەی چوونە ناو سلێمانی جوان بکردایە، بەڵام ماوەی ١١ ساڵە سیمایەکی ناشرینی درووستکردەوە
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی شارەوانیش بێت
دەبێت لێرەوە کارکردن دەستپێبکات


ڕیکلام