بارەکای بارزانی: راپەڕین بەرەنج و ماندوو بوونی هەموو لایەک سەرکەوت

  2023-03-06  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەبۆنەی یادی راپەڕینی گەلی کوردستان بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، جێگەی داخێکی زۆرە لەیادی ڕاپەڕیندا حزب و لایەنە سیاسیەکان و لایەنگرانیان هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەو یادە بە حزبی بکەن

 دەقی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

جێگەی داخێکی زۆرە لەیادی ڕاپەڕیندا حزب و لایەنە سیاسیەکان و لایەنگرانیان هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەو یادە بە حزبی بکەن و هەریەکەو بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی بە خاوەن و ئەنجامدەری ڕاپەڕین لە قەڵەم بدات.

ڕاپەڕین دەرئەنجامی یەکڕیزی و تێکۆشانی هەمەلایەنەی جەماوەر و لایەنەکانی ناو بەرەی کوردستانی و پێشمەرگە و ڕێکخستنە نهێنییەکان و سەرجەم چینوتوێژە جیاجیاکانی کوردستان و، درێژکراوەی خەباتێکی دوورودرێژ و بەردەوامی گەلی کوردستان بوو.

پەیام و ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەرز و گرانبەها و نیشتیمانی و نەتەوەیین و، نابێ بە حزبی و بچووک بکرێنەوە و لە مانا و جەوهەر بەتاڵ بکرێن. ڕاپەڕین بە ڕەنج و ماندووبوون و هەوڵی ھەموو لایەک سەرکەوت، بۆیە خاوەن و ئەنجامدەری ڕاستەقینەی ئەو ڕووداوە مەزنە، کوردستانە بە هەموو حزب و لایەن و کەسایەتی و هاووڵاتیانیەوە.

بارەگای بارزانی
٦ی ئاداری ٢٠٢٣


ڕیکلام