" من کــــــردم " دروشمە بەتاڵەکەی مەسرور بارزانی

  2023-03-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان


لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی
بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت

ئەمە ئەو ڕستانەیە کە وەزیر و بەرپرسەکانی پارتی فێرکراون وەکو تووتی بیڵێنەوە
بێگومان ئەمە لە خۆڕا نییە، بەڵکو ئاوێنەی خۆ بە کەم زانینی مەسرور بارزانییە
ئەو سەرۆکەی کە بەهۆی کارە چەوتەکانییەوە بووەتە سەرۆکی نیو حکومەت و سنوری دەسەڵاتەکەی تا دێگەڵەیە
بۆ خۆ دەربازکردن لەو گرێیەش، پەنای بردووەتە بەر فێرکردنی چەند دێڕێک بە وەزیر و بەرپرسەکانی حزبەکەی لە حکومەت

ئەمە لە کاتێکدایە حکومڕانی لە هەموو جیھاندا کاری تیمە و گروپە، هەر بەرپرسێک بەپێی پسپۆڕی خۆی بەشدارە لە بەجێگەیاندنی بەرنامەی کاری حکومەت
کاتێک باسی حکومەتی سەرکەوتو دەکرێت، نمونەی وڵاتانی ئەوروپا دەهێنرێتەوە، کە سەرۆکوەزیران تەنها چەتری کۆکەرەوەی وەزیرەکانە، نەک ئەو کەسەبێت وەزیرەکان بە موڵکی خۆی بزانێت و بۆ هەرکارێک پێویستی بە گەڕانەوە بێت بۆ سەرووخۆی
بەڵکو لەبری ئەوە، پشت بە ڕاوێژکار و کەسی پسپۆڕ دەبەسترێت

لە کۆتا دووکابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، هەوڵی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەیدا، دەسەڵاتی تەواوی دایە بەرپرسانی میریی ئەو ناوچەیەی پێی دەوترێت زۆنی سەوز، ئەمە جگە لەوەی جگە لە بڕیار و کردارە سیاسیەکان، لە سادەترین شتی وەک گفتوگۆ و قسەکردندا، کەمترین دەستەواژەی تاکی بەکاردەهێنا و ھەموو کات جەختی لە بەکارهێنانی وشەی کۆ کردوەتەوە تاکو ئاماژەی تاکڕەی و دەسەڵاتی شەخس کەم بکاتەوە


بەڵام لای کەسێکی وەک مەسرور بارزانی، کە جیهان لە سەری ڕەشەوە دەبینێت، حکومڕانی دروست و تەندروست ئەوەیە کە یەک کەس باڵ بەسەر سەرجەم ئۆرگان و دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەت بکێشێت، خۆی خاوەنی سەرجەم دەستکەوتەکان بێت و بەرپرسەکانی خوارەوەش بەرپرسیاری سەرجەم شکستەکانی حکومەت بن

ئەم جۆرە لە ئەقڵیەتی بەڕێوەبردن وایکرد، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی، کە ئەو پێی خۆشە بەو جۆرە ناوی ببەن، کەس ئیرەیی پێ نەبات
لەبری ئەوەی لە کۆتایی ماوەی دەسەڵاتەکەی، خەریکی ژماردنی دەستکەوتەکانی کابینەکەی بێت بۆ خەڵک، خەریکی دۆزینەوەی فێڵێکی شەرعییە تاوەکو بتوانێت ماوەی حکومەتەکەی چەند مانگێک درێژ بکاتەوە، بەهیوای ئەوەی شتێک ڕووبدات و کەمێک ڕووی سپی بکاتەوە


مەسرور بارزانی چی وت و چی دەرچوو ؟
لەسەرەتای ڕاگەیاندنی کابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی وتی "یان سەرۆکی حکومەت نابم، یان سەرۆکی حکومەتی هەموو هەرێمی کوردستان دەبم نەک هەولێر و دهۆک" .
دەیوت " سەرۆکایەتی حکومەتێک دەکەم کە لە زاخۆوە تا گەرمیان بێت، بەهەمان شێوەش قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆکی حکومەتی سەرتاسەری بێت"

بەڵام لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، مەسرور وەک کاری پێشووی لە دەزگا ئەمنییەکانی حزبەکەی مامەڵەی لەگەڵ حکومەت دەکرد، نە قوباد تاڵەبانی و نە هیچ وەزیرێک نەیانتوانیوە ڕاستەوخۆ مەسرور بارزانیی ببینن و هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ جێگرەکەی و وەزیرەکانی کابینەکەی لەڕێگەی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بووە
دۆخی ئێستای ئەو حکومەتە بەهێز و سەرتاسەرییەی مەسرور بارزانی بانگەشەی بۆ دەکات، لە ئاستێکدایە تەنانەت پەرلەمانتارانی پارتی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بە بێدەسەڵات وەسفدەکەن و ئەو ڕاستییە باسدەکەن کە تەنها دەسەڵاتی بەسەر هەولێر و دهۆکدا هەیە، بێگومان ئەمەش زادە و بەرهەمی ئەو سیاسەتەیە کە پەیڕەوی دەکرد و دەیوست لەگەڵ وەزیرەکانی دەرەوەی پارتیش پەیوەندیەکەی وەک سوڵتان و رەعیەت بێت

ئەمە دۆخی ئەو حکومەتەیە کە پارتی و ڕاسپێردراوی پێکهێنانەکەی بە حکومەتی سەرتاسەری ناوی دەبرد.
کە ئەگەر بتەوێت بەراوردی بکەیت لەگەڵ ژمارەیەک حکومەتی دیکەدا، تەنها سوریا و کۆنگۆ و ڤەنزوێلا لەوانەیە لە حکومەتەکەی مەسرور باشتر بن


ڕیکلام