دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاشکرای دەکات، مانگی رابردوو ٤٣ بڕیاری دەستگیرکردن و ئامادەبوون لە بەردەم دادگا بۆ گەورە بەرپرسانی وڵات دەرکراون و راپێچ کراون بۆ بەردەم دادگا
فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لایەنە دادوەرییەکان لە یەک تاوەکو ٢٨-٠٢-٢٠٢٣ دا، ٤٣ بڕیاری دەستگیرکردن و ئامادەبوون لەبەردەم دادگەیان دەرکردووە لە بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەکانی لێکۆڵینەوەی دەستەکە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە و رەوانەی دادگە کراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، شەش لەو بەرپرسانە دەستگیرکراون و ٣٧یشیان بڕیاری ئامادەبوون لەبەردەم دادگایان بۆ دەرچووە لە نێویشیاندا ٣٧ بەرپرسی پلە باڵا هەبوە.
دەستەکە دەڵێت، پێنج لەو کەسانە پەرلەمانتاری خولی ئێستا و یەکێکیان پەرلەمانتاری خولی پێشوو بووە، هەروەها پێنج وەزیری پێشوو، دوو بریکاری وەزیری ئێستا لە نێویاندان.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەشی ئاشکراکردوە، بڕیاری دەستگیرکردن و ئامادەبوون لە بەردەم دادگا بۆ دوو پارێزگاری پێشووتر، ٧ بەڕێوەبەری گشتیی ئێستا، ١١ بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو، بەڕێوەبەرێکی گشتیی پێشووتر، لەگەڵ سێ ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرکراوە.