خانەنشینی پەرلەمانتاران شێرپەنجەی داهاتی گشتی

  2020-06-11  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پلەباڵاکان کە ناویان دەهێنرێت، هاوڵاتیان موچەى زۆر، خۆشگوزەرانى، سەفەرى وڵاتان باخ و ڤێلایان بیردەکەوێتەوە. نەک هەر ئەوە بەڵکو بە هەمان ناز و نیعمەتیشەوە خانەنشین دەکرێن، ژمارەیان تائێستا بە فەرمى ئاشکرانەکراوە، بەڵام هەزاران کەسن و بەسەر چەندین توێژى جیاوازدا دابەش بوون

مەدەنى و سەربازی، کادیرى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و حزبەکانى تریشى تێدایە، تائێستا لە هیچ حکومەت و کابینەیەکدا چارەسەرى، بنەڕەتى بۆ کێشەکە نەدۆزراوەتەوە، چونکە ئەوانەى بەو شێوەیە موچە وەردەگرن کەسانى دەستڕۆیشتووى ناو حزبەکانن، رێگەنادەن موچەکانیان کەمبکرێتەوە و مانگانە لەسەر گیرفانى خەڵکى فەقیر و هەژار، حساب بانکییەکانیان پڕدەکەنەوە.

هاوینى 1992 حکومەتى هەرێم و پەرلەمانى کوردستان دەستبەکاربوون،105 ئەندامى حزبەکان بوون بە پەرلەمانتار، لەوکاتەوە نەزیفى بەهەدەردانى سامانى وڵات دەستیپێکرد، چونکە دەرگاى کردەوە بۆ خانەنشین بوون و دامەزراوەکان کران بە شوێنى دۆزینەوەى کار

بەتایبەتى پەرلەمانى کوردستان.

بەپێى دوایین رێکارى حکومەتى هەرێم، بڕیارە مانگى داهاتوو یاساى چاکسازى لە موچە و دەرماڵەکان و خانەنشینى، کە سەرەتاى ئەمساڵ لە پەرلەمان پەسەند کرا بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بە جێبەجێکردنى یاساکە خانەنشینی پلەباڵاکان بڕێک لە موچەکانیان کەمدەکرێتەوە، کە تەنها بەو بڕە مانگانە ملیۆنان دینار بۆ خەزێنەى حکومەت دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە بە وتەى حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەرى گشتى خانەنشینى هەرێم، تەنها لەو بڕەى لە موچەى خانەنشینى پەرلەمانتاران دەبڕدرێت.

مانگانە زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەى گشتى دەگەڕێتەوە، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕى میدیای ژیان حازم ئیسماعیل باسى لەوەشکرد، ژمارەیەکى زۆر خانەنشینى پلەباڵا لە هەرێمى کوردستادا هەن، کە دابەشبوون بەسەر سەرۆکایەتى هەرێم، ئەنجومەنى وەزیران، پەرلەمانى کوردستان، بریکارى وەزارەتەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاکان.

وتیشى بڕیارە مانگى داهاتوو یاساى چاکسازى جێبەجێ بکرێت و بەوەش موچەکانیان بۆ نزیکەى نیوە کەمدەکرێتەوە، هێشتا نازانرێت کەمکردنەوەى خانەنشینى تەواوى پلەباڵاکان چەند پارە دەگەڕێنێتەوە، بەڵام بەپێى قسەکانى ئەو بەرپرسە پەیوەندارە بێت، بە تەنها لەو بڕەى لە موچەى خانەنشینى پەرلەمانتاران کەمدەکرێتەوە کە 400 کەسن، ساڵانە 15 ملیار و 600 ملیۆن دینار دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى گشتى، بەڵام هێشتا ئەمە تیونێتى ئەو کەسانەى نەشکاندووە، کە توڕەن لەو جیاوازییە زۆرەى لە نێوان موچەى خانەنشینى، هاوڵاتییەکى ئاسایی و پلە باڵایەکدا هەیە، کە لە ساڵانى ڕابردوودا بووە هۆى ناڕەزایەتى زۆر و خۆپیشاندانى فراوانى لێکەوتەوە.

پەرلەمانى کوردستان، 111 ئەندامى هەیە، سێ ئەندامیان دەستەى سەرۆکایەتین، تێکڕاى موچەی هەر 111 کەسەکە، مانگانە زیاترە لە 900 ملیۆن دینارە، ئەمە بێجگە لە موچەى راوێژکار و فەرمانبەرەکانى تر، ئێستا موچەى مانگانەى هەر پەرلەمانتارێک 8 ملیۆن و 200 هەزار دینارە، کە پێشتر بەپێى یاساى ژمارە 13ى ساڵى 1999ى پەرلەمانى کوردستان، دواى تەواوبوونى ئەرکەکەیان بە 80%ى موچەکانیانەوە خانەنشین دەکران، بەبێ لەبەرچاوگرتنى مەرجى تەمەن، خزمەت و بڕوانامە، بەڵام بەپێى یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی، کە سەرەتاى ئەمساڵ لە پەرلەمانى کوردستان پەسەند کرا موچەى خانەنشینى پلەباڵاکان کە ئەندامانى پەرلەمانى کوردستانیش بەشێکن لەوانە، بۆ نزیکەى نیوە کەمدەکرێتەوە، پێوەرى تەمەن، ساڵانى خزمەت و بڕوانامە لەبەرچاوەگیراون، بەشێوەیەک بەرزترین سەقفى موچەى خانەنشینى پەرلەمانتار، دەگاتە 4 ملیۆن و 200 هەزار دینار وکەمترینیش 2 ملیۆن و 50 هەزار دینار دەبێت.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر پەرلەمانتاران بەبێ جیاواز، بە 6 ملیۆن و 560 هەزار دینار خانەنشین دەکران، ئەوەش بە بڕواى چاودێرانى ئابورى هەرچەندە لە ئاست خواستى تەواوەتى خەڵکدا نییە، بەڵام لەو یاسایەى پێشتر باشترە کە پەرلەمانتارانى پێ خانەنشین دەکرا، هەر بۆیە چاوەڕوانى ئەوە دەکرێت ئەم هەنگاوە سەرەتایەکى باش بێت، بۆ هەنگاوەکانى داهاتوو بۆ ئەوەى بتوانرێت، جۆرێک لە هاوسەنگى دەستبەربکرێت لە موچە و دەرماڵەکاندا وتوڕەیى خەڵکیش لە بەهەدەردانى موڵکى گشتى و بردنى پارەى گیرفانیان بەناوى یاساوە هێوربکرێتەوە..



ڕیکلام