ئەمریکا چۆن هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان دەکات؟

  2023-03-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان


سەربازەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوایی کوردستان باری نائاساییان راگەیاند، هەلیکۆپتەر و درۆنەکان، ئاسمانی ناوچەکەیان خستبووە ژێر چاودێرییەکی چڕ

 سەردانکەری ئەم جارە کەسێکی سەربازییە و نەخشەرێگەیەکی نوێی بۆ سوریا و رۆژئاوایی کوردستان هێناوە

رۆژی ٥ی مانگی ئازار، بەرپرسانی دیمەشق و زۆربەی خەڵکی سوریا هەواڵی هاتنی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا مارک میلیان بۆ وڵاتەکەیان بیست

 بەڵام سەردانەکە بۆ دیمەشق نەبوو، بەڵکو بۆ ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کورد و هێزی سوریای دیموکرات بوو

سەردانی ئەو بەرپرسە پلە باڵا سەربازییەی ئەمریکا، دوور بوو لە چاوی کامێراکان و تەنها ئەم وێنەیە هەیە کاتێک لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا قسەدەکات گیراوە.

بەڵام قسە و لێدوانەکانی مارک میلی سنوری سوریای تێپەراند و سەقامگیری بارودۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریای بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بەستەوە، گوتی: "دەستەبەرکردنی ئارامی و ساقامگیری لە رۆژهەڵاتی سوریا، شایستەی هەبوونی هێزی ئەمریکایە لەم ناوچەیە".

رۆژئاوایی کوردستان و ئاسایشی ئەمریکا

لەماوەی ٨ ساڵی هەبوونی هێزی ئەمریکا لە سوریا، بەرپرسانی واشنتۆن هەبوونی هێزەکەیان بە شەری دژی داعش و کۆتاهێنان بە رێکخراوە تیرۆرستیەکەوە دەبەستەوە، بەڵام مارک میلی، ئەم جارە بەشێوازێکی دیکە باسی ژمارە و هەبوونی ئەمریکای لە سوریا کرد.

مارک میلی دەلێت: "ژماری هێزەکانیان لە سوریا لە ٩٠٠ سەربازەوە بۆ ١٥٠٠ سەرباز زیاددەکەن، جەختیکردەوە کە سەقامگیری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکاوە.

ئەویش لە بەر چەند هۆکارێک:
یەکەم: زیادبوونی جموجۆڵی گروپەکانی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەتی لە پارێزگای دێرەزۆر کە هاوسنورە لەگەڵ عێراق.

دووەم: زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ناوەندەکانی ئێران لە سوریا بە تایبەتی لە دیمەشق و حەلەب

سێیەم: هەرەشە سەربازییەکانی ئێران لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بە تایبەتی پاش ئەوەی ئێران پەردە لە سەر موشەکی کرۆز بە مەودای ١٦٥٠ لابرد

چوارەم: لە شەری روسیا و ئۆکرانیادا، ئێران دڕۆنەکانی خۆی بۆ روسیا نارد، ئەمریکا ئەم هەنگاوەی ئێرانی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆی لە ئەوروپا دەزانێت.
پێنجەم: ماوەی ساڵێکە روسیا، سەرقاڵی شەری ئۆکرانیایە، و پرسی سوریای فەرامۆش کردوە، ئەمەش دەرفەتی بە ئێراندا لە رووی سەربازی و سیاسیدا دەست بەسەر سوریا و حکومەتەکەی بەشار ئەسەدا بگرێت.

شەشەم: نزیکبوونەوەی ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، کە ئیسرائیل دەلێت، ئێران لە سەدا ٨٥ بۆمبەکەی تەواوکردوە.

مارک میلی لە دوو شوێنی سوریابوو
جگە لە سەردانکردنی ناوچەی ژێر کۆنترۆلی هەسەدە، مارک میلی سەردانی ناوچە تەنەفی سوری لە سەر سنووری ئوردون – عێراق کرد

ئەم ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی هێزێکە بە ناوی سوپای سوریای ئازاد، کە راستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت.

لە کاتی کۆبونەوەدا لەگەڵ فەرماندەکانی ئەم هێزەدا، مارک مێلی داوای کرد کە سوپای سوریای ئازاد هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هەسەدەدا بکات، هەرچەندە جاران بەرپرسانی سوپای سوریای ئازاد ئەم بیرۆکەیەیان رەتکردەوە، بەڵام ئەم جارە رازیبوون لەگەڵ هەسەدە هەماهەنگی بکەن.

هەماهەنگی سوپای سوریا ئازاد و هەسەدە

ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەی دۆزینەوەی هەماهەنگی لە نێوان هەسەدە و سوپای سوریایی ئازاد، ناوچەی تەنەف لە خواری رووباری فورات ببەستێتەوە و رێگەی لە بەردەم هاتوچۆی گروپەکانید سەر بە ئێران لە نێوان عێراق و سوریادا بگرێت.

بەمەش رێگەی پیادە لە نێوان ئێران و سوریا  نامێنێت.

هەروها ئەمریکا دەیەوێت بە تێکەڵکردنیدوو هێزی دەرەوەی حکومەتی سوریا، هێزێکی دیکە دروست بکات کە بتوانێت وەک بەدیلی ئۆپۆزسیۆنی رادیکالی سوریا بێتە پێشەوە.

مارک میلی و هەسەدە

سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی ئەمریکا لە کێڵگەی پەترۆلی عومەر لە دێرەزۆر لە گەڵ بەرپرسانی هەسەدە کۆبوویەوە وئەم خاڵانەیان گووتوێژ کرد:

یەکەم: زیادکردنی ژماری هێزەکانی ئەمریکا لە ٩٠٠ بۆ ١٥٠٠ سەرباز
دووەم: زیادکردنی پشتیوانی لۆجیستی و سەربازی بۆ هێزەکانی هەسەدە
سێیەم: بەستنی جوگرافیایی تەنەف و باکوری رۆژهەلاتی سوریا 
چوارەم: مەترسی نزیکبوونەوەی چەکدارانی بەری نوسرا لە سنورەکانی رۆژئاوایی ناوچەی ژێر کۆنترۆلی هەسەدە
پێنجەم: پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سوریا، بە تایبەتی لە دڕۆنەکانی ئێران
شەشەم: رێگریکردن لە جموجۆڵی ئێرانیەکان لە رۆژهەڵاتی سوریا

بەرپرسانی هەسەدە زۆربەی خاڵەکانی کۆبوونەوەکەیان پەسەندکرد، بەڵام لە بەرامبەردا یەک داواکاریان ئاراستەی مارک میلی کرد، ئەوەش یەکلایکردنەوەی پرسی عەفرین و کۆتاهێنان بە داگیرکردنی عەفرین لە لایەن تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.

دوای سەردانەکەی مارک بۆ سوریا
ئەمریکا لە رێگەی هەنگاوە تازەکانی لە سوریا، هەماهەنگی نێوان واشنتۆن و ئیسرائیل سەبارەت بە لێدان لە ئێران لە ناو خاکی ئەو وڵاتە زیاد بکات.

ئەمریکا دووبارە دەگەرێتەوە ناوچەکانی منبج و کۆبانێ، کە لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەل دەستپێکردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر هەسەدە و سەرێ کانیی لەو ناوچانە کشایەوە
ئەگەری رودانی گەڕێکی دیکە جەنگ لە نێوان هاوپەیمانانی ئەمریکا لە هەسەدە و سوپای سوریایی ئازاد لە دژی هێزەکانی حکومەتی سوریا و گروپەکانی سەر بە ئێران لە ئارادەیە.

هەروەها ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەری نێوان هەسەدە و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە رۆژئاوایی مەنبج روبدات.

بەھۆی گرنگی سەردانەکەی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا بۆ باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، هەر یەک لە دیمەشق و ئەنقەرە بەتوندی لە دژی ئەو سەردانەدا بوون.