دەجالــێک بە مەرجی گەوجاندنی نەوەی نوێ

  2023-03-12  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان

لە شەو و ڕۆژێکدا ٢٢ ملیار دیناری بە ناوی پشکی پرۆژەی گەشتیارییەوە لە خەڵک کۆکردەوە، ٧ ساڵ بەڵێنی گەورەی پێدان، دوایی پێی وتن وەرن لەبری پارەی پشکەکان، جۆلانێ بکەن

خوشکەکەی تۆمەتباردەکرێت وەک کارمەندی پێشووی پاراستن

براکەشی لە بەغداد چەندین جار لەسەر ساغکردنەوەی چەکی بێ ڕەسید دەستگیرکراوە

شاسوار عەبدولواحید
دەجالێک بە مەرجی گەوجاندنی نەوەی نوێ

ساڵی ٢٠٠٨ وەک ئەندازیارێکی وەبەرهێن دەرکەوت، وەک هەر وەبەرهێنێکی دیکە زەوی پێدرا بۆ دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون و گەشتیاری
پارەی تەواوکردنی پرۆژەکانیش، بەشێکی لەڕێی قەرزی حکومەت و بەشێکی بەناوی فرۆشتنی پشک بە خەڵک پەیداکرد، بەڵام هیچیانی نەدایەوە

شاسوار بڕی ٤٣ ملیار دیناری لە حکومەت بە قەرز وەرگرت بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانی، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت قەرزەکەی نەداوەتەوە، بەو بڕە سوودەشی کە هاتووەتە سەری، بڕی قەرزەکەی گەیشتووەتە ٨٢ ملیار دینار

بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و پرسیارە لای خەڵک، ئەگەر هاوڵاتییەک پارەی کارەبا و ئاو دوابخات و نەیدات، ئەوا کارەبا و ئاوی لێ دەبڕن، کە قەرزەکە لەوانەیە نەگاتە ملیۆنێک دینار، بەڵام شاسوار بە درێژایی ٣ کابینەی حکومەت کە پارتی سەرۆکایەتی دەکات، بە بچوکترین شێوە هەوڵی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی شاسوار نەدراوە، ئەو زەوی و خانوانەشی دانرابوو وەک ڕەهن بۆ قەرزەکەی، هەر حکومەت ڕێگەپێدانی بۆ کرد تاکو بە نایاسایی بیانفرۆشێت ، ئەمەش گومانی ئەو پەیوەندییە ژێر بە ژێرە ئاشکرا کە ساڵانێکە باسدەکرێت لەنێوان شاسوار عەبدولواحید و پارتیدا

تەنانەت دەشوترێت ئەو کەسەی ڕێکخەری ئەم پەیوەندییەیە، سروە عەبدولواحیدی خوشکییەتی، وەک لە بەرنامەیەکی کەناڵێکی عێراقیدا، عیماد باجەلان کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان، وتی:" من و سروەخان خاڵی هاوبەشی زۆرمان هەیە، بەتایبەت چونکە پێشتر پێکەوە لە دەزگای پاراستن و کەناڵی کوردستان تیڤی سەر بە پارتی کارمان کردووە"

جگە لەوە شاسوار ئەو پارەیەی بەناوی پشکەوە لە هاوڵاتییان وەرگرتبوو، نەک نەیدانەوە، بەڵکو شاسوار وەک ئیهانە و سوکایەتییەک بە بەشداربووانی پرۆژەکەی، پێیان دەڵێت، وەرن کارتتان بدەمێ بڕۆن لە چاڤی لاند جۆلانێ بکەن
هەرکاتێکیش خاوەن پشکەکان بچنە بەردەم ئۆفیسەکەی شاسوار و داوای مافی خۆیان بکەن، شاسوار بە بەکرێگیراو ناویان دەبات و دەلێت ئەمانە نێردراون

دیسانەوە شاسوار میدیاکەی تەنها دژی خەڵکانی دەرەوەی بازنەکەی خۆی بەکارنەهێناوە، بەڵکو چەندین کەسی دیکەشی کردوەتە ئامانج کە پێشتر لەگەڵ خۆیدا کاریان کردووە، بۆ نمونە هەوڵیدا لەڕێی هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تۆمارکراو لەڕێی کامێرای نهێنی، دەیویست شادی نەوزادی پەرلەمانتاری پێشووی حزبەکەی والێبکات، کە بۆ قسەی شاسوار تەنها بەڵێ بکات، هەمان شتیشی بەرامبەر هەریەکە لە ڕابوون مەعرووف و سەرکەوت شەمسەدین کرد، هەروەها چەندی کارمەندی پێشووی کەناڵ و میدیاکانی NRT  دوای وازهێنیان، ڕووبەڕووی تەشهیر و ناوزڕاندن بوونەوە لەلایەن میدیا سێبەرەکانی شاسوار

شاسوار هەوڵدەدات، بە تۆمەتبارکردنی خەڵکانی دیکە بە کارکردن بۆ دەزگاکانی پاراستن و زانیاری، ئەو پەیوەندییە ژێربەژێرانەی خۆی بشارێتەوە
وەک چۆن لەکاتی دروستکردنی جوڵانەوە سیاسییەکەی، بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ دوو لە دامەزرێنەرانی جوڵانەوەکە (ئیبراهیم عەباس) و (شێروان شێروانی)،  هەردووکیانی دوورخستەوە و لە میدیاکانیشەوە بانگەشەی ئەوەی بۆ ئەوو دوو کەسە کرد کە کاریان بۆ دەزگای پاراستن کردووە، بەڵام ساڵ هات و ساڵ چوو، شێروان شێروانی لەلایەن پاراستنەوە دەستگیرکرا، شاسواریش کە خۆی بە دژبەری ئەو دەسەڵاتە دەزانێت کە شێروان شێروانی دەستگیرکردووە، بە ئازادی دەسوڕێتەوە و لە میدیاکانیەوە زۆر لەوە زیاتر دەڵێت کە شێروان وتی، بەڵام لە گوڵێک کاڵتر بە شاسوار ناوترێت





ڕیکلام