کێ تەرمەکەی سەدامی لە نزیک ماڵی کازمی و مالکی بەجێهێشت؟

  2023-03-13  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان

کازمی بە گوتەیەکی لە عێراق هەرای ناوەتەوە 
کاتێک باسی تەرمی سەدام حوسێن دەکات و دەڵێت تەرمەکەی سەرۆککۆماری پێشووتری عێراقی بینیوە 
کە لەبەردەم ماڵەکەی خۆی و ماڵی نوری مالیکی لەناوچەی سەوزی بەغدا "فڕێدراوە"
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت
باسی لە تەرمی سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری دەکات  

بەگوێرەی گوتەکانی وا دەردەکەوێت کە کازمی تەرمەکەی سەدامی بینیوە کە "فڕێدراوە"
کازمی دەڵێت: "دوای لەسێدارەدانی سەدام، تەرمەکەیان لەنێوان ماڵەکەم و ماڵی نوری مالیکی لە ناوچەی سەوز فڕێدا
 سەرەڕای ئەوەی من ئەم کارەم رەتکردەوە
 بەڵام بینیم کۆمەڵێک پاسەوان کۆبوونەتەوە لەسەری
 داواملێکردن لە تەرمەکە دوور بکەونەوە، وەک رێزێک بۆ پیرۆزیی مردووەکان."

کاتێک لە چاوپێکەوتنەکەدا پرسیاری لێکرا سەبارەت بە وردەکاریی هێنانی تەرمەکە لە نزیک ماڵی مالیکی
 کازمی گوتی: "بەڵێ مالیکی ئەوکات فەرمانی بەو کارە کردبوو
 هەر بۆ شەوەکەی، فەرمانیدا ڕادەستی یەکێک لە شێخەکانی خێڵی نەدا-ی بکات
 کە خێڵی سەدام حسێنە، ئەوانیش هاتن و لە ناوچەی سەوز وەریانگرتووە

کازمی لە درێژەی قسەکانی گوتی کە تەرمی سەدام لە تکریت بە خاک سپێردرا
 لە دوای ساڵی ٢٠١٢ کە داعش کۆنترۆڵی ناوچەکەی کرد گۆڕەکە دەرهێنرایەوە
تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نهێنی کە تاوەکو ئێستا کەس نایزانێت
 تەنانەت سوکایەتیی بە گۆڕی منداڵەکانیشی کراوە

سەدام لە ساڵی ٢٠٠٦ لە سێدارە درا
 دوای ئەوەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە دادگایەکی عێراقیدا تاوانبار کرا
لە شارۆچکەی ئەلئەوجە لە شاری تکریت بەخاک سپێردرا
 کە زێدی خۆیەتی، دەکەوێتە دووری ١٥٠ کم لە باکووری بەغدا

مستەفا کازمی لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٠ لەلایەن سەرککۆمار بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق ڕاسپێردرا
 لە شەوی ٦ی ئایاری ٢٠٢٠ بە زۆرینەی دەنگ پەرلەمانی عێراق 
متمانەی بە کابینەکەی مستەفا کازمی بەخشی وەکو حکومەتی کاربەڕێکەڕ ناسێنرا و 
رۆژی ٢٧یی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ دەستاودەستی دەسەڵاتی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی کرد


ڕیکلام