یونیسیف: چوار ملیۆن و 500 هەزار عێراقی مەترسی هەژارییان لەسەرە

  2020-07-08  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێكخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان ڕایگەیاند، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نزیكەی 4 ملیۆن 500 هەزار هاوڵاتی عێراقی مەترسی هەژاری و پەراوێزبوونیان لەسەرە و زۆرینەش لە تویّژی منداڵانن .

ڕێكخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كە ناسراوە بە "یونیسیف" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشكرایكرد، زانیارییەكانی پشتی بەستووە بە هەڵسەنگاندنەكانی ئەم دواییەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، كە بە هاوكاریی یونیسیف و بانكی نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە .

ئاماژەی بەوەشكردووە ئەو ژمارەیە نزیكەی 11.7% و دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنن، كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ڕوبەڕوی مەترسی هەژاری و پەراوێزبوونیان لەسەرە .

یونسیف ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو مەترسیانە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری بۆ لە 31.7٪، كە ساڵی 2018 ڕێژەكە 20% بووە و مەترسی ئەوە هەیە نزیكەی 20 ملیۆن و هاوڵاتی عێراقی بچێنە ژێر هێڵی هەژارییەوە .

ئەو ڕێكخراوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان جەختیكردووەتەوە، بەگوێرەی بەدواچوونەكانی ئەوان، زۆربەی ئەوانەی مەترسی هەژاری و پەراوێز بوونیان لەسەرە منداڵان و مێردمنداڵانن .

ئاماژەی بەوەشكردووە، بڵابوونەوەی كۆرۆنا بووەتە هۆی ئەوەی لە هەر پێنج مێردمنداڵ لە عێراقدا یەكێكیان هەژار بێت، بەڵام ڕێژەكە لەناو منداڵاندا زیاترە و لە ناو هەر پێنج منداڵدا دوانیان هەژارن .

لە درێژەی راپۆرتەكەی یونیسیفدا ئاماژە بەوەشكراوە، لە 42%ی دانیشتوانی عێراق  مەترسی پەراوێزبوونیان لەسەرە، چونكە دووچاری بێبەشبوون بوون لە زۆر ڕووەوە وەك تەندروستی و فێركردن و دۆخی گوزەران و ئاسایشی دارایی.

ئەو مەترسیانە بە زۆری بۆسەر منداڵانە و زۆرینە پێكدەهێنن، بە واتای لە هەردوو منداڵێك لە عێراقی ناو ئەو 4 ملیۆن و 500 هەزار كەسە یەكێكیان ئەو مەترسییانەی سەرەوەی لەسەرە .

لە كۆتایدا یونیسیف لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، بێبەشبوون لە خوێندن و دەستكەوتنی سەرچاوەی ئاوی پاك، لەو هۆكارە سەرەكییانەن كە كاریگەریی هەیە لەسەر لێكترازانی خێزانەكان ومنداڵەكانیان .



ڕیکلام