کۆمپانیایەکی کوەیتی: کۆڕەک تیلیکۆم و سیروان بارزانی سزادران

  2023-03-21  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمپانیای ئەجیلیتی کوەیتی لەبەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بڵاویکردووەتەوە: دادگای ناوبژیوانی بەریتانیا کە سەربە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتیە, لەدۆسیەی ناوبژیوانیکردن لەنێوان کۆمپانیای "تیلیکۆم عێراق" کە کۆمپانیایەکی سەر بە کۆمپانیای "ئەجیلیتی"یەو داواکەی لەسەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و سیروان سابر مستەفا بارزانی وەک پشکداری سەرەکی کۆمپانیاکە تۆمارکردووە, بڕیاریداوە (ملیارێک و ٦٥٠ ملیۆن) دۆلار وەک قەرەبوو بدەن بەکۆمپانیاکە.

 بەگوێرەی بەیاننامەکەی کۆمپانیای ئجیلیتی, دادگای ناوبژیوانی ڕەزامەندی پیشانداوە لەسەر داواکەی "تیلیکۆم عێراق و "ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ" و, داوا لەسەر تۆمارکراوەکانی تۆمەتبارکردووە بە ئەنجامدانی کاری ڕێکخراو بە ئامانجی بەرتیلدان و فێڵکردن لەبەرپرسانی دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق, بەمەبەستی دەرکردنی بڕیاری هەڵەو دەستبەسەراگرتنی پشکی هەردوو کۆمپانیاکە لە کۆڕەک تیلیکۆم. 

 دادگا بەریتانیەکە فەرمانیکردووە کە داوا لەسەر تۆمارکراوەکان, ئەو بڕە پارەیە وەک قەرەبوو بدەن بەو دوو کۆمپانیایە لەبری زیان و خەرجی یاسایی لەگەڵ سودەکانی, کە (١)ملیارو (٣٢٩)ملیۆن دۆلاری دەدرێت بە کۆمپانیای "ئینتەر ناشناڵ ھۆڵدینگ"و (٣١٨.٧) ملیۆن دۆلاریشی بۆ کۆمپانیای "تیلیکۆم عێراق" دەبێت.

 کۆمپانیای "تیلیکۆم عێراق" کە کۆمپانیایەکی سەر بە کۆمپانیای ئجیلیتی کوەیتیە, لەگەڵ کۆمپانیای "ئینەرناشناڵ هۆڵدینگ"کە هاوپیشەی کۆمپانیای ئجیلیتیە, داوایەکیان بەتۆمەتی فێڵ و تەڵەکەکردن دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و هەردوو پشکدارە سەرەکییەکەی سیروان بارزانی  تۆمارکرد, بەوهۆیەوە وەبەرهێنانەکانی هەردوو کۆمپانیاکە, کە بەهاکەی (٨١٠)ملیۆن دۆلارە, لەلایەن کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمەوە دەستیان بەسەردا گیرا.

لەمانگی نیسانی (٢٠٢٢)دا, میدیای (درەو) زانیاری وردی لەبارەی ئەم دۆسیەیە بڵاوکردەوە کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠٠٧), لەوکاتەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە بە کەفیل بۆ ئەوەی سیروان بارزانی  لە کۆمپانیایەکی کوەیتی قەرز بکات بۆ کۆمپانیای (کۆڕەک تیلیکۆم)، سیروان قەرزەکەی نەداوەتەوە، ئێستا دەبێت حکومەتی هەرێم وەکو کەفیل قەرزەکەی بۆ بداتەوە. 

دادگای تێهەڵچونەوەی کوەیت لەدژی حکومەتی هەرێمی کوردستان حوکمێکی دەرکرد، بەپێی ئەم حوکمە دەبێت حکومەتی هەرێم بڕی (٤٩٠ ملیۆن‌و ٨٠ هەزار) دۆلار بدات بە کۆمپانیای (ئەجیلیتی). 

کۆمپانیای (ئەجیلیتی) کۆمپانیایەکی کوەیتییە کە لە بۆرسەی کوەیت‌و دوبەی تۆمارکراوە، ئەم کۆمپانیایە ئەمڕۆ رایگەیاند، دادگای تێهەڵچونەوە لەبەرژەوەندی کۆمپانیای (کازار کاپیتاڵ بارتنرز) حوکمی داوە، کە سەربە کۆمپانیای (ئەجیلیتی)یە. 

دۆسیەکە پەیوەندی بە قەرزێکەوە هەیە کە رۆژی ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠٧ کۆمپانیای (کازار) بە کۆمپانیای (کۆڕەک تیلیکۆم)ی داوەو حکومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە بووە بە کەفیلی کۆمپانیای (کۆڕەک تیلیکۆم). 
بڕی ئەو قەرزەی کە کۆمپانیا کوەیتییەکە بە کۆمپانیای (کۆڕەک تیلیکۆم)ی داوە (٢٥٠ ملیۆن) دۆلار بووە، سودی قەرزەکە لەسەر کۆڕەک تیلیکۆم ساڵانە بە بڕی (٧%) دانراوە.

کۆمپانیای (کازار) دوای دەرچوونی حوکمی دادگا لەسەر کەیسی ئەم قەرزە، لەدژی حکومەتی هەرێم‌و بانکی نیشتمانی کوەیت، داوای تێهەڵچوونەوەی کردووە، دادگا لەبەرژەوەندی کۆمپانیاکە حوکمی داوە بە قەرەبوکردنەوەی بڕی قەرزو سودی قەرزەکەی لەو رۆژەوە کە قەرزەکە کراوە. 

دادگاکە حکومەتی هەرێم پابەند کردووە بەوەی %٧ی سودی قەرزەکە بە کۆمپانیاکە بداتەوە تا ئەوکاتەی هەموو پارەکە تەواو دەبێت، ئەمە لەگەڵ دابینکردنی خەرخی ماندووبونی پارێزەرە یاساییەکاندا.


ڕیکلام