تورکیا: بەبێ رەزامەندی عێراق چیتر نەوتی هەرێم هەناردە ناکەین

  2023-03-25  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تورکیا دۆسیەی سکاڵاکەی عێراقی لە دادگای پاریس دۆڕاند، دوێنێ شەو بەڵێنی بە حکومەتی عێراقداوە چیتر بەبێ رەزامەندی بەغداد رێگە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نەدات.

سایتی (ئارگۆس) تایبەتمەند لەبواری بازاڕی وزە ئاشکرایکرد، دوێنێ شەو عێراق بە فەرمی لەلایەن تورکیاوە ئاگادارکراوە لەوەی لە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستاندا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (پاریس)، لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریداوە. 

سایتەکە لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاندووە" ئەم بڕیارە گورزێکی دیکەیە بەر هەرێمی کوردستانی نیمچە سەربەخۆی عێراق دەکەوێت". 

هەمان سەرچاوە بە سایتەکەی وتووە: تورکیا لایەنی عێراقی لەوە ئاگادارکردووە چیتر رێگە نادات بەبێ رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی عێراق نەوتی هەرێمی کوردستان بگاتە بەندەری جەیهان. 

دۆسیەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس ماوەی نزیکەی نۆ ساڵە بەردەوامە، عێراق لەم دادگایە سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکردووەو تۆمەتباریکردووە بەوەی لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، رێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ تایبەتی بە بۆری نەوتی پێشێلکردووە. 


ڕیکلام