وەزارەتی نەوتی عێراق و شاندی هەرێم کۆبوونەوە

  2023-03-26  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ لە بەغدا شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان

دوای کۆبوونەوەکە وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، لە کۆبوونەوەکەدا میکانزم و پێشهاتی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا، ئەمەش دوابەدوای بڕیارەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ٢٣ـی ئاداری ٢٠٢٣ـی دەستەی دادوەرانی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە داوایەکی عێراق کە لە دژی تورکیا بەرزیکردبووە، بەهۆی سەرپێچیکردنی رێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ـی هێڵی بۆڕیی عێراق و تورکیا، کە لە دەقەکەیدا هاتوو "پێویستە حکومەتی تورکیا، گوێڕایەڵی رێنماییەکانی لایەنی عێراقی بێت لەبارەی نەوتی خاوی هەناردەکراوی عێراق بۆ سەرجەم ناوەندەکانی کۆگاکردن و رۆیشتن و وێستگەی کۆتایی".
 
دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردن و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئابووریی و یاسایی و بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و گەیاندنی حکومی و ژمارەیەک بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندارەکان ئامادەبوون. 

شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا. 


ڕیکلام